هەر پارێزەرێک فەرمانبەری حکوومەت بێت مۆڵەتی لێوەردەگیرێتەوە
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی پاککردنەوەی خشتەی ئەندامانیدا، ناسنامەی کاری پارێزەری لە چەندین کەس وەرگرتەوە و هۆشداریشی دایە ئەو پارێزەرانەی هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.
بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی سێ ساڵە پرۆسەی بایۆمەتری بۆ رێکخستنەوە و پاککردنەوەی خشتەی پارێزەران دەستیپێکردووە، ئامانجی سەرەکی پرۆسەکەش رێگریکردنە لەوەی فەرمانبەرانی حکوومەت لە هەمان کاتدا کاری پارێزەری بکەن، کە ئەوەش دەبێتە هۆی رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
سەرۆکی سەندیکای پارێزەران ئاشکرای کرد، بەپێی ئەنجامەکانی بایۆمەتری، دەرکەوتووە 250 پارێزەر لە هەمان کاتدا فەرمانبەری شارستانی یان سەربازیی حکوومەتن، بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی سەندیکا، تێکەڵکردنی ئەو دوو کارە رێگەپێدراو نییە و دەبێت ئەو کەسانە بەزوویی خۆیان لە نێوان فەرمانبەری و پارێزەریدا یەکلایی بکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە تاوەکو ئێستا مۆڵەتی کاری پارێزەری و مافی خانەنشینبوون لە چەندین کەس وەرگیراوەتەوە و لەو مافە بێبەش کراون، بەڵام بەشێکیان پێشوەختە خۆیان یەکلایی کردووەتەوە.
سەبارەت بەو پارێزەرانەی ئەندامن لە سەندیکای پارێزەرانی عێراق، سەندیکا بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی عێراق بەدواداچوونی ورد دەکات و 31ـی 12ـی 2026ـی وەک دوا مۆڵەت دیاریکردووە، جەختیشی کردەوە، هەر کەسێک بێتە سەلماندن کە فەرمانبەری حکوومەتی فیدراڵییە، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی و رێکاری یاسایی توند دەبێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 15 هەزار ئەندام لە سەندیکای پارێزەران تۆمارکراون، سەندیکاکە خاوەنی سندووقێکی تایبەت بە خانەنشینییە کە مانگانە شایستە داراییەکانی ئەو پارێزەرانە دابین دەکات کە بەپێی رێنماییەکان خانەنشین دەبن.