ترەمپ بەتاڵبوونی کۆگاکانی چەکی رەتکردەوە
ترەمپ: تاران خۆی داوای راگرتنی هێرشەکان و کۆبوونەوەی کردووە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند, تاران لە ژێر گورزی توندی بۆردوومانەکانی ئەمریکادا داوای ئاگربەست و کۆبوونەوەی خێرای کردووە، هاوکات ئاشکرای کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی کەشتییە بازرگانییەکان داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران بەکاردەهێنن.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نێو فڕۆکەی فەرمیی سەرۆکایەتی زانیاریی نوێی خستەڕوو لەسەر چەندین پرسێکی هەستیاری دۆسیەی ئێران، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئیسرائیل.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسان سەبارەت بەوەی ئایا بەهۆی تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر جەنگەکەدا لە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ بێزارە یان نا، گوتی: "نەخێر، بە بڕوای من ئەو کارێکی زۆر نایابی ئەنجامداوە. ئێمە سوپاکەی ئێرانمان بە تەواوی تێکشکاندووە، بۆیە خۆیان داوای کۆبوونەوەیان کردووە." ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێران لە ماوەی 14 رۆژی رابردوودا بە توندی لێی دراوە، بۆیە لایەنی ئێرانی بە شێوازێکی زۆر گونجاو داوای لێکردووین: "تکایە هێرشەکان رابگرن با کۆببینەوە." ترەمپ جەختی کردەوە بەبێ بۆردوومانەکانی ئەمریکا، تاران ئامادەی قسەکردن نەدەبوو.
سەبارەت بەوەی ئایا رووسیا زانیاریی مانگی دەستکردی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کەنداو داوەتە ئێران بۆ هێرشکردن، ترەمپ گوتی: "ئێمە بەدواداچوون دەکەین بزانین راستە یان نا، و لەم بارەیەوە پرسیار لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەکەم. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم زانیارییانەش درابن، کاریگەریی زۆریان نەبووە چونکە ئێمە سوپای ئێرانیان بە تەواوی لەناو بردووە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە بۆ کەمکردنەوەی زیانی کەشتییە بازرگانییەکان، داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە ئەمریکا بەکاردەهێنن، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر لەگەڵ ڤەنزوێلادا کردیان و ملیارەها دۆلاریان لێ وەرگرت.
لە دۆسیەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا، ترەمپ پشتگیریی بۆ ئەنقەرە دەربڕی و بڕیاری پێشووی ئیسرائیلی بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی فڕۆکەکانی F-35 بە تورکیا رەتکردەوە و ئاماژەی دا "تورکیا هاوپەیمان و هاوڕێیەکی زۆر باشی من بووە و پێم وایە کارێکی زۆر باشی لەگەڵ سووریا ئەنجامداوە. هیچ کەسێک ناتوانێت بڕیارمان بەسەردا بسەپێنێت کە چی بفرۆشین یان نا، هەرچەندە تورکیا دۆستی ئیسرائیل نییە."
ترەمپ بوونی هەر جۆرە کێشەیەکی کەمبوونەوەی تەقەمەنی لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکادا رەتکردەوە و ڕایگەیاند، کۆمپانیای بەرهەمهێنی بەرگریی ئەمریکی ئێستا 4 بۆ 5 کارگەی نوێ بنیات دەنێن بە تایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی سیستەمەکانی بەرگریی پاتریۆت و تاد، کە بڕێکی زۆر چەک لە ژێر ئیدارەی پێشوودا دراوەتە ئۆکرانیا کە ئەوان ئێستا بە خێرایی کۆگاکان پڕ دەکەنەوە.
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا تا چەند ئارمی ماوە بەرامبەر بە ئێران، رایگەیاند: "من کاتی زۆرم لەبەردەستدایە. تەواوی کەناراوەکانی ئێران تێکشکێندراون و گەرووی هورمز لە دۆخێکی زۆر باشدایە. ئێمە ئێستا خەریکی گفتوگۆین، چونکە خۆیان داوای کۆبوونەوە و رێگاچارەیان کردووە و ئەگەر ئێمە پێگەی خۆمان لاواز بووایە، ئەوان هەرگیز داوای کۆبوونەوەیان نەدەکرد."
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئاسایشی ئەو وڵاتە گوتی: "ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانێکی زۆر باش بووە لە کاتی جەنگدا و ئێمە زۆر بە باشی پێکەوە کارمان کردووە. ئەگەر سەیری ئێستای ئێران بکەن، تەنیا 8%ی ئەو هێزەی ماوە کە پێش چوار مانگ هەیبوو."
ترەمپ بە راشکاوی جەختی کردەوە: "ئێمە زۆر میهرەبانین لەگەڵ کۆمەڵێک وڵاتدا کە بەبێ ئێمە ناتوانن تەنانەت بژین، و دەزانن کێ بەبێ ئێمە ناتوانێت بژی؟ ئیسرائیل؛ ئەگەر من دەستێوەردانم نەکردبایە و پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئەوانم پەک نەکردبایە، ئیسرائیل چەند مانگێک لەمەوبەر لەناو دەچوو، هەروەها ساڵانێک لەمەوبەریش ئەگەر من رێککەوتنە تێکدەرەکەی ئۆبامای سەرۆکی پێشووم هەڵنەوەشاندبایەوە."
سەبارەت بەوەی ئایا ئاماژەیەکی فەرمیی لە سعوودیەوە پێگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە رێککەوتنەکانی "ئەبراهام" بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ترەمپ گوتی: تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکیان لەم بارەیەوە ئەنجام نەداوە.