سامانە سرووشتییەکان: بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین و چاودێری زیاتری جۆری بەنزین.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەمموزی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین و چاودێری زیاتری جۆری بەنزین.
هاوکات هەر ئەمڕۆ دووشەممە، شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز لە عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، تاوەکوو سبەی بەرهەمهێنانی گاز دەگەیەنینە بەرزترین ئاست؛ گوتیشی: گازی و شل و جۆرەکانی دیکەی گاز بەرهەم دەهێنن.
هەروەها کۆمپانیای دانە گاز راگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "دوای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی نوێی بارودۆخی ئەمنی و وەرگرتنی گەرەنتیی تەواو و دڵنیاکەرەوە لە باڵاترین ئاستی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، پڕۆسەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە وریایی و بە شێوازێکی پلەبەندی دەستپێدەکات."
کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، پشتگیریکردن و دابینکردنی گازی پێویستە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستیی کارەبای هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا.