پێشەوا هەورامانی: لە چەند رۆژی داهاتوو کێشەی بەنزین چارەسەر دەبێت

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راستەوخۆ لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین. دەشڵێت، حکوومەتی عێراق هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی تەممووزی بۆ "کەمیی سیولە" گەڕاندووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەمموزی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێری هەشتی ئێوارەی (کوردستان24) چەند پرسێکی گرنگی تایبەت بە ژیانی هاووڵاتییان و دۆخی سیاسی تاوتوێ کرد.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی بەنزینەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر هێڵ بووە و هەر ئەمڕۆش جارێکی دیکە جەختی لە چارەسەرکردنی خێرای کێشەکە کردووەتەوە. گوتەبێژی حکوومەت گوتیشی "سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دووپاتیکردەوە کە نایەوێت مافی هیچ کەسێک بفەوتێت و لە کاتێکی نزیکدا کێشەی بەنزین چارەسەر دەبێت."

جەختیشی کردەوە کە ئەمە یەکەمجار نییە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، بەڵام حکوومەت وەک هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری هاووڵاتییان دەبێت.

سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، زەمینەیەکی باش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتەکەی عەلی زەیدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی هەن، کە یەکێک لەوانە گرفتی سووتەمەنییە.

دەربارەی پرسی مووچە، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد "لیستی مووچە و میزان مراجعە بۆ بەغدا نێردراوە، حکوومەتی عێراقیش بە ئێمەی ڕاگەیاندووە کە هۆکاری درەنگ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمیی سیولە (نەختینە) دەگەڕێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی وەڵامی لێدوانەکانی شاسوار عەبدوڵواحیدی دایەوە و گوتی "ئەم حکوومەتە ئەو دروستی نەکردووە تا بتوانێت بیڕووخێنێت، بەڵکو ئیرادە و دەنگی خەڵکی کوردستان دروستی کردووە."

گوتیشی "قەبارەی ئەو هی ئەوە نییە ئەم قسەیە بکات چونکە لەوە بچووکترە. گوتاری پۆپۆلیزم لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و کابینەی نۆیەم ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەچی بووەوە."