ئیدارەی ترەمپ: سزای ئابووری لە هێرشی سەربازی کاریگەرترە بۆ لاوازکردنی ئێران

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێیوایە سزای ئابووری و فشارە دارایییەکان کاریگەرییەکی زۆرتر و قووڵتریان هەیە لەسەر لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران وەک لە هێرشە سەربازییەکان، هەرچەندە لەم دواییانەدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەنگدانەوەیەکی زیاتریان هەبووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا دەڵێن؛ قەیرانی ئابووری لە ناوخۆی ئێراندا بە خێراییەکی زۆر روو لە هەڵکشانە. ئەوان پێیان وایە سزاکان لەگەڵ گەمارۆی دەریایی، وەک کارتێکی گوشاری بەهێز کار دەکەن کە لە کۆتاییدا تاران ناچار دەکات لەسەر مێزی گفتوگۆ سازش بکات.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە: "سەرکردایەتی ئێران دەیانەوێت بۆردومانەکان رابگیرێن، بەڵام زیاتر لەوە، چاویان لە پارەیە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەولەویەتی تاران ئێستا کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و لادانی سزاکانی ئەمریکایە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا و زانیارییە بڵاوکراوەکان نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لە ناوخۆی ئێران دەردەخەن، لەوانە کێشەی کەمیی سووتەمەنی، سەرەڕای ئەوەی ئێران خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین یەدەگەکانی نەوت لە جیهاندا.

هەروەها بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، فشارە دارایییەکان کاریگەرییان کردووەتە سەر توانای ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا؛ دەزگا هەواڵگرییەکان تێبینییان کردووە، ناڕەزایەتی لە ناوخۆی ئێران دروست بووە بەهۆی زەحمەتیی دابینکردنی مووچەی ئەو چەکدارانەی سەر بە تارانن.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە؛ مەترسی لەسەر کەرتی بانکیی ئێران دروست بووە و ئەگەری هەیە هاووڵاتیان بە لێشاو پارەکانیان لە بانەکەکان بکێشنەوە. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دۆخەکەی بەم شێوەیە وەسف کرد: "ئێێرانییەکان ئێستا زیاتر لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەترسن وەک لە وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن)."