ئێران: هەڕەشەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نامێننەوە
قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەڕەشەی لە کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران کردووە، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو هەڕەشانەی ئەمریکا بێ وەڵام نامێننەوە.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، میدیای ئێران لە زاری بارەگای "خاتەمولئەنبیا" بڵاویانکردەوە: "هێزە چەکدارەکانی ئێران هیچ هەڕەشە یان کارێکی دوژمنکارانەی ئەمریکا بێ وەڵام جێناهێڵن و بەرپەرچی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەدەنەوە."
هاوکات، لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە، سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و هەڕەشەکردن لە کەشتییە ئێرانییەکان، بە واتای فراوانکردنی بازنەی جەنگ لە ناوچەکەدا دێت.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، رێڕەوی 17 کەشتییان لە گەرووی هورمز گۆڕیوە و دوو کەشتییان پەکخستووە، هەروەها پشکنینیان بۆ دوو کەشتیی دیکە کردووە بە مەبەستی دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە رێنماییەکان.
پێشتر حوسێن محەبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، بەشی باشووری گەرووی هورمز مینڕێژ کراوە، هاوکات بارەگای "خاتەمولئەنبیا" دووپاتی کردەوە، گەرووەکە بە رووی هاتوچۆی دەریاوانیدا داخراوە و هەر تێپەڕبوونێکی کەشتییەکان دەبێت تەنها لەو رێڕەوانەوە بێت کە تاران دیارییان دەکات و وەک رێگەی ئارام دەیانناسێنێت.
ئەم هەڕەشانەی ئێران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمۆ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "من کاتی زۆرم لەبەردەستدایە. تەواوی کەناراوەکانی ئێران تێکشکێندراون و گەرووی هورمز لە دۆخێکی زۆر باشدایە. ئێمە ئێستا خەریکی گفتوگۆین، چونکە خۆیان داوای کۆبوونەوە و رێگاچارەیان کردووە و ئەگەر ئێمە پێگەی خۆمان لاواز بووایە، ئەوان هەرگیز داوای کۆبوونەوەیان نەدەکرد."
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئاسایشی ئەو وڵاتە گوتی: "ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانێکی زۆر باش بووە لە کاتی جەنگدا و ئێمە زۆر بە باشی پێکەوە کارمان کردووە. ئەگەر سەیری ئێستای ئێران بکەن، تەنیا 8%ی ئەو هێزەی ماوە کە پێش چوار مانگ هەیبوو."