کۆمپانیای جۆنسن 5.5 ملیار دۆلار بەرامبەر داخستنی دۆسیەی پۆدرەی منداڵ پێشنیاز دەکات

کۆمپانیای "جۆنسن ئاند جۆنسن"ی ئەمریکی بۆ بەرهەمە پزیشکی و دەرمانسازییەکان، پێشنیازێکی بە بڕی 5.5 ملیار دۆلار پێشکەش کردووە، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە هەزاران دۆسیەی یاسایی کە کۆمپانیاکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی بەرهەمەکانی پۆدرەی منداڵ بوونەتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی هێلکەدان.

کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئامانجیان لەم پێشنیازە کۆتاییهێنانە بە ململانێیەکی یاسایی درێژخایەن کە ساڵانێکی زۆرە بەرۆکی ئەم کۆمپانیایەی کە بنکە سەرەکییەکەی لە ویلایەتی نیوجێرسییە، گرتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی جۆنسن ئەند جۆنسن، رێککەوتنەکە نزیکەی 76,000 سکاڵا دەگرێتەوە، کە نزیکەی تەواوی ئەو سکاڵایانەن کە تاوەکو ئێستا لەسەر بەرهەمی پۆدرە (تەڵک) ماونەتەوە.

کۆمپانیاکە بە توندی رەتی دەکاتەوە کە بەرهەمەکانی بووبێتنە هۆی شێرپەنجە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 2020ـەوە فرۆشتنی بەرهەمی پۆدرەی منداڵانی ئەو کۆمپانیایە لە ئەمریکا و کەنەدا راگیراوە.

جێگری سەرۆکی بەشی یاسایی کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئەم سکاڵایانە "بنەمایەکی زانستییان نییە"، بەڵام ئەم رێککەوتنە رێگە بە کۆمپانیاکە دەدات ئەم بابەتە لەدوای خۆی جێبهێڵێت و سەرنجی بخاتە سەر ئەرکە سەرەکییەکەی کە پەرەپێدانی دەرمان و ئامێری پزیشکییە بۆ رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان.

کۆمپانیاکە پێشتر زۆربەی ئەو کەیسانەی یەکلا کردووەتەوە کە تێیاندا تۆمەتبار کرابوو بەوەی پۆدرەکانی ماددەی "ئەسبێستۆس"یان تێدایە، کە بە هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجە دادەنرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەمریکا، کۆمپانیاکە لە بەریتانیاش رووبەڕووی سکاڵایەکی هاوشێوە بووەتەوە کە لە ساڵی 2025 تۆمار کراوە. بەگوێرەی ئەو نووسینگە یاساییەی نوێنەرایەتیی 3,000 سکاڵاکار دەکات، قەرەبووی داواکراو بە زیاتر لە یەک ملیار پاوەند (1.3 ملیار دۆلار) دەخەمڵێندرێت.

سکاڵاکاران دەڵێن، خۆیان یان ئەندامانی خێزانەکانیان دوای بەکارهێنانی پۆدرەی منداڵانی جۆنسن ئەند جۆنسن، تووشی جۆرەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان یان شێرپەنجەی شانەکان (mesothelioma) بوون.