نرخی نەوت بەرزبووەوە

ئەمڕۆسێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چاوەڕوانیی وەبەرهێنەران بۆ ئەگەری دانوستان لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی نەوتی برێنت 1.05 دۆلار بەرزبووەوە، کە دەکاتە 1.05%ـی و گەیشتە 101.49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نرخی نەوتی خاوی تێکساسیش 67 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 95.04 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

تیم وەتەرەر، گەورە شیکەرەوەی بازاڕەکان لە کۆمپانیای KCM Trade رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخەکان زیاتر دەچێتە خانەی هەستانەوەیەکی کاتیی بۆ داپۆشینی پۆزیشنە کورتخایەنەکان دوای دابەزینەکانی ئەم دواییە، نەک گۆڕانکارییەک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی بازاڕدا، ئاماژەی بەوەش کرد، نرخەکان بە هەستیارییەوە دەمێننەوە بەرامبەر بە گەشەسەندنە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران.

 پەیوەست بە گرژییە ناوچەییەکان، کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە هەناردەی نەوتی خۆی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە زیاد کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەشێک لە هەناردەکان لە رێگەی بەندەری یەنبوع بەهۆی ئەو هێرشانەوە وەستابوون کە کرایە سەر بۆریی نەوتی رۆژهەڵات – رۆژئاوای ئەو وڵاتە.

داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان دەریدەخەن، یەکشەممە نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە کەنداو لەسەر حەوت کەشتیی گەورە بارکراوە.