ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی رووسیا
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان شەوی رابردوو دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە ئاسمانی هەرێمی سامارا خستووەتە خوارەوە، هێرشەکە زیانی بە دامەزراوە مەدەنییەکان، لەوانە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانی هاووڵاتیان گەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانیان پاڵاوگەی نەوتی کویبیشێڤیان لە سامارا کردووەتە ئامانج، ئەو پاڵاوگەیە رۆژانە نزیکەی 73,000 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
هەروەها بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی دوێنێی رووسیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئۆکرانیا، لانی کەم پێنج کەس کوژراون.
نوێنەرانی داواکاری گشتی لە خارکیڤ، رایانگەیاند، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لوزۆڤای کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و 3 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە دنیبرۆپترۆڤسک لە باشوور، بەدرۆن شۆفێری ئۆتۆمبێلێک لە نیکۆپۆل کوژرا، رووسیا بەردەوام هێرشی دەکاتە سەر ئەو ناوچەیە کە دەکەوێتە کەناری رۆژئاوای رووباری دنیپرۆ، بەرامبەر وێستگەی وزەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا.
هەروەها بەهۆی هێرشێکی رووسیا زیانی گەورە بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە کڕاماتۆرسکی کەوتووە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا، کەسێکی دیکە لە گوندێکی نزیک کوژراوە، هاوکات کەسێکیش لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر گوندێک لە ناوچەی میکۆلایڤ لە نزیک کەناراوەکانی دەریای رەش گیانی لەدەستداوە.
لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی بەفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، تا ئێستا داتایەکەی ورد و پشتڕاستکراوە لەسەر کوژران و برینداران نییە بەڵام دەیان هەزار کوژراون، هەورەها ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی وڵات بوون، هاوکات چەند جارێک دیلەکانی ئالوگۆڕ کردووە.