ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پرسی دامەزراندن تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای نزیکەی دوو مانگ بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیبراهیم حافز کۆدەبێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پرسی دامەزراندنی گرێبەستە نوێییەکانە.
پێشتر پارێزگای کەرکووک نووسراوی بۆ دامەزراندنی زیاتر لە حەوت هەزار پلەی فەرمانبەری و گرێبەستەکان کردووە، هەروەها داواکاریی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی کۆمپانیاکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەر و کێشەیەکی دیکەی شارەکە دەکات، لەوانە؛ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگا، رێکخستنەوەی کار و نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان، دیاردەی سواڵکردن لەنێو شاردا و هەروەها پێشنیازی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شار دەخرێتە دەنگدان و لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا میوانداری بەڕێوەبەرانی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانیی کەرکووک دەکرێت.
لەلایەن خۆشییەوە عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24 ـی راگەیاند، راستە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا پرسی دامەزراندن و گرێبەستەکانە، بەڵام ئەو پرسە بەستراوەتەوە بە پەسەندکردنی بودجەی گشتی ساڵی 2027 ـی عێراق. گوتیشی، تاوەکو بودجە پەسەند نەکرێت ئەو پرسە بە تەواوی یەکلایی ناکرێتەوە، چونکە دەبێت لە بودجەدا جێگیر بکرێن.