سوپای ئوردن پێنج مووشەکی ئێرانی تێکشکاند و کوەیتیش سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات
سوپای ئوردن رایگەیاند؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج مووشەکیان تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کرابوون. هاوکات کوەیتیش سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە دەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، گوتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و چاودێری وڵاتەکەیان توانیویانە بەرپەرچی پێنج مووشەک بدەنەوە کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئوردن هەڵدرابوون.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، مووشەکەکان بەگوێرەی یاساکانی رووبەڕووبوونەوە لە ئاسماندا تێکشکێنراون و خراونەتە خوارەوە.
سوپای ئوردن جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵات و رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەن ببێتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانیان.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بۆ سەر خاکی عەرەبستانی سعودییە کرد.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ئاماژەی بەوە کردووە، دوایین هێرشی ئەو میلیشیایانە لە رێگەی درۆنەوە بووە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە، ئەمەش وەک "هەوڵێکی بێهودە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری سعوودیە" وەسف کرا.
کوەیت دووپاتی کردەوە، بە تەواوی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودییە هاوسۆزە و پشتگیری لە هەموو ئەو رێکارە ئەمنییانە دەکات، ریاز بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی دەیانگرێتە بەر.
هەروەها جەختی کردەوە، بەپێی ماددەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، سعوودیە مافی رەهای بەرگری لەخۆگرتنی هەیە و ئاسایشی سعوودیە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی کوەیت و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.