ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی پاکستان گەیشتە 110 کەس
دەستەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتە سروشتییەکانی پاکستان (NDMA) نوێترین ئاماری قوربانیانی لافاوەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بارانە بەخوڕەکان، لافاوی کتوپڕ و زەوی لەرزین لە سەرتاسەری وڵات گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ١١٠ کەس.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەم دەستەیە، لە دەسپێکی وەرزی بارانە مۆنسۆنییەکان و بە دیاریکراوی لە 26ـی حوزەیرانی رابردووەوە تا ئێستا، جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیان، نزیکەی 360 کەسی دیکەش لە رووداوە جیاوازەکانی پەیوەست بە بارانبارین بریندار بوون.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، لافاوەکە زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتووەتەوە و تا ئێستا نزیکەی 800 خانوو لە ناوچە جیاجیاکانی پاکستان بە تەواوی یان بەشێکیان وێران بوون و زیانیان بەرکەوتووە.
وەرزی باران ساڵانە لە وڵاتانی باشووری ئاسیا و بەتایبەت پاکستان، دەبنە هۆی دروستبوونی لافاوی گەورە و زیانی گیانی و ماددی زۆری لێدەکەوێتەوە.