وەزیری پەروەردەی سووریا سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری پەروەردەی سووریا کرد و لە دیدارێکدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری پەروەردە و خوێندندا کرایەوە، هاوکات وەزیری سووریا سوپاسی هەرێمی کرد بۆ حەواندنەوەی پەنابەرانی وڵاتەکەی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەممەد عەبدولرەحمان تورکۆ وەزیری پەروەردە و خوێندنی سووریا کرد.
لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهيزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەتایبەتی پەروەردە و خوێندندا کردەوە.
وەزیری پەروەردە و خوێندنی سووریا، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی سەدان هەزاری پەنابەری سووری لە ساڵانی رابردوودا. ئاماژەشی بە هەنگاوەکانی حکوومەتی سووریا دا بۆ گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی کوردی لە سووریا .
سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو هاوکاریی و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ حکوومەتی سووریا و پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە دەربڕی.
