عەبدولرەحمان جەزائیری: هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان رادەگیرێت و لێکتێگەیشتن هەیە

سەرۆکی دەستەی کارگێڕی فراکسیۆنی نیشتمانی، لە رێگەی کوردستان24ـەوە پەیامێکی دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا هیچ هێرشێک ناکرێتە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات کە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پاراستنی هەولێر کاریگەری هەبووە بەسەر گرووپە چەکدارەکان.

چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی فراکسیۆنی نیشتمانی لە هەڤپەیڤێنێک لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند: "بۆ یەکەمجار لە رێگەی شاشەی کوردستان24ـەوە ئەوە رادەگەیێنم کە لە چەند رۆژی داهاتوودا هیچ هێرشێک ناکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کراوە کە چیتر هێرش نەکەنە سەر هەرێم."

جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد، کە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی زۆر روون بووە کە دەستدرێژی بۆ سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، چونکە هەولێر شوێنی هەموو پێکهاتەکانە. گوتیشی: "ئێستا بەرەی موقاوەمە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستی بە گفتوگۆیە لەگەڵ هەولێر، بۆیە بڕیار دراوە هیچ هێرشێک بۆ سەر هەرێم ئەنجام نەدرێت و شەڕەکە بەرەو دەرەوەی عێراق ببات."

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی دیکەی ناوچەکە، جەزائیری باسی لەوە کرد کە ئەوەی روویداوە بێڕێزییە بە سەروەریی عێراق و پەیامێکی روونی ئەمریکایە بۆ حەشدی شەعبی. راشیگەیاند، هیچ گەرەنتییەک نییە کە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەنەوە تا ئەو کاتەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە مابن، چونکە ئەمریکییەکان دەیانەوێت سێ جۆر چەکی قورس لەو گرووپانە وەربگرنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەزائیری رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ گرت و گوتی: "نەدەبوو وڵاتانی دراوسێ هێرش بکەنە سەر عێراق، بەڵکو دەبوو پاڵپشت بن. هیچ بەڵگەیەک نییە کە لە عێراقەوە هێرش کرابێتە سەر سعوودیە، بەڵام پێشبینی دەکەم حەشد و گرووپەکان وەڵامی سعوودیە بدەنەوە، چونکە سعوودیە ئێستا بەشێکە لەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەیە."

هەروەها ئاشکرای کرد کە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ سعوودیە ئەگەری دواکەوتنی هەیە، چونکە ناوبراو نیگەرانە لەو هێرشانە و ناتوانێت هیچ هێرشێکی درۆنیی گرووپەکان بوەستێنێت یان دانوستانیان لەسەر بکات، چونکە حەشدی شەعبی لای ئێران "هێڵێکی پیرۆزە" و ئێران بەرامبەر هێرشکردنە سەریان بێدەنگ نابێت.