ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو سەرکۆنەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر سعوودیە دەکات
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، هاوسۆزیی تەواوی وڵاتانی ئەنجوومەنەکەی لەگەڵ سعوودیە راگەیاند و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی بۆ سەر ئەو وڵاتە کرد.
جاسم محەمەد بدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە بۆ سەر سعوودیە، پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی ئەو وڵاتەیە، هاوکات هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتیی نێودەوڵەتی.
بدێوی دووپاتی کردەوە کە وڵاتانی کەنداو بە یەکدەنگی پاڵپشتی لە سعوودیە دەکەن و پشتیوانی لە سەرجەم ئەو رێکار و هەنگاوانە دەکەن کە ریاز بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەریی و سەلامەتیی خاکەکەی دەیانگرێتە بەر.
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەکە جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا پەک دەخات.