سعوودییە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی دەریای سوور دەدات

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، سعوودییە هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا. ئەم هەنگاوەی ریاز دوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی حووسییەکان دێت بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، سعوودییە هەوڵ دەدات هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا پێکبهێنێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە دەکرێنە سەر کەشتییەکان.

ئەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەیان بەوە کردووە، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە نەدراوە و بابەتەکە لە قۆناخی گفتوگۆدایە لەگەڵ دەیان دەوڵەتی جیاواز.

لە لایەکی دیکەوە، حیزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان لە یەمەن، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، "گەرووی بابولمەندەب بە شێوەیەکی ئارام و سەلامەت بە رووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا کراوەیە، تەنیا بۆ کەشتیوانی سعوودی نەبێت."

 ئاماژەی بەوەش کرد، قەدەخەکردنی رێگەدان بە کەشتییەکانی سعوودییە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی گەمارۆی سەر یەمەن هەڵدەگیرێت و مافە رەواکانی گەلی یەمەن دەگێڕدرێنەوە و رێز لە سەروەریی خاکەکەی دەگیرێت.

پێشتر و لە 20ـی تەممووزدا، حووسییەکان گەمارۆیەکی دەریایییان بەسەر سعوودییەدا لە دەریای سووردا ڕاگەیاند، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەوەی ناویان نا "گەمارۆی سعوودییە بۆ سەر یەمەن"، کە ریاز ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

لە چوارچێوەی ئەم گرژییانەدا، حووسییەکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی سعوودییە، لە بەرانبەریشدا سعوودییە بە زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی وەڵامی دانەوە و ئەو شوێنانەی کردە ئامانج کە وەک بنکەی سەربازیی حووسییەکان لە بەندەری حودەیدە ناسێنرابوون و بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان بەکار دەهێنران.

ئەم گەمارۆ و ئاڵۆزییانە بەرەیەکی نوێی ململانێی لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووەتەوە لە چوارچێوەی جەنگە فراوانەکەی ناوچەکەدا، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.