سێنتکۆم: زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە وەشاندنی زنجیرەیەک گورزی ئاسمانیی کاریگەر بۆ سەر چەند ئامانجێک لە نێو خاکی ئێراندا.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر چەند پێگەیەک لە نێو خاکی ئێراندا.

لە راگەیەنراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە: "ئەم هێرشانە وەڵامێکی بەهێز و راستەوخۆن بۆ ئەو هەوڵە هێرشبەرییانەی کە دوێنێ لە لایەن ئێرانەوە دژی هێزەکانمان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدران. هێزەکانی ئەمریکا پابەندن بە پاراستنی سەربازەکانیان و هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی بەرپەرچی دەدەنەوە."

هاوکات لەگەڵ ئەم راگەیەنراوە، سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی "سیریک" لە پارێزگای هورمزگان و "نور ئاباد" لە باشووری ئێران بیستراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ هۆشداریی دابوو کە وەڵامی ئەمجارەی واشنتن بۆ تاران زۆر توند دەبێت.

لە لایکی دیکەوە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشەی ئێراندایە کە کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن.