ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ژاپۆن بۆ 28 کەس بەرزبووەوە

حکوومەتی تۆکیۆ ئەمرۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزە بەهێزەکەی باشووری رۆژئاوای ژاپۆن گیانیان لەدەستداوە بۆ 28 کەس بەرزبووەتەوە. دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم ئامارە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە هێشتا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا راستەوخۆ بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بووە یان نا.

ئێستا سەدان کارمەندی تیمەکانی فریاگوزاری لەژێر داروپەردەی سەنتەرێکی بازرگانی لە شارۆچکەی کاشیما لە پارێزگای کۆمامۆتۆ بەردەوامن لە گەڕان بەدوای رزگاربوواندا. ئەم سەنتەرە پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلە زیانی بەرکەوت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 50 خولەک بەسەر بوومەلەرزە سەرەکییەکەدا، تەقینەوەیەکی گەورە لەناو باڵەخانەکەدا روویدا و بەتەواوی خاپووری کرد، لەو کاتەدا ژمارەیەکی نادیار لە کارمەندانی سەنتەرەکە هێشتا لە ناوەوە مابوونەوە.

ئەم بوومەلەرزەیە زیانی زۆر گەورەی بە دوورگەی کیوشو گەیاندووە، بە جۆرێک بووەتە هۆی رووخانی چەندین خانوو، تێکدانی پردەکان و کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆر. بەگوێرەی دواین ئامارەکانیش، تا پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە کارەبای پتر لە 31 هەزار ماڵ بڕابوو و 84 هەزار ماڵی دیکەیش بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە گرفتارن، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتیان لە ریزێکی درێژدا بۆ کڕینی بەنزین و ئاو بوەستن.

دۆخی ناوچەکە بەهۆی بەردەوامیی لەرەرزانەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای هاوین بۆ 35 پلەی سەدی، ئەرکی تیمەکانی فریاگوزاری و ژیانی ئاوارەکانی قورستر کردووە. لە کاتێکدا ژاپۆن گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 7.1 پلە دیاری کردووە، پەیمانگای جیۆفیزیکی ئەمریکی دەڵێت گوڕەکەی 6.8 پلە بووە.

پارێزگای کۆمامۆتۆ لە ساڵی 2016دا دوو بوومەلەرزەی تری بەهێزی بەخۆیەوە بینی کە گیانلەدەستدانی 273 کەسی لێکەوتەوە. ژاپۆن بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لەسەر "کەمەربەندی ئاگرین"ی زەریای هێمن، ساڵانە رووبەڕووی سەدان لەرەرزانە دەبێتەوە کە 18٪ی کۆی بوومەلەرزە تۆمارکراوەکانی جیهان پێکدەهێنێت،  بوومەلەرزە و تسۆنامییەکەی ساڵی 2011ش بووە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی 18،500 کەس.