یەکەمین کەشتی گازی سروشتیی قەتەر لە گەرووی هورمز تێپەڕی

داتاکانی کۆمپانیاکانی شیکاریی کەشتیوانی ئاشکرایان کرد، شەوی رابردوو کەشتییەکی گازی سروشتیی شلکراوەی (LNG) سەر بە کۆمپانیای قەتەر وزە لە گەرووی هورمز دەرچووە، ئەمەش یەکەمین چالاکیی لەو جۆرەی کۆمپانیاکەیە لەو رێڕەوە ئاوییەدا لە دوای ١١ی تەمموزەوە.

بەگوێرەی داتاکانی هەردوو دامەزراوەی کێپلەر و گرووپی بۆرسەی لەندەن، کەشتی عەريش کە بارەکەی لە نێوان 4 بۆ 6ـی تەمموز لە وێستگەی رەئس لەفان لە قەتەر بارکردبوو، شەوی 29ـی تەممووز بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز دەرچووە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تانکەرەکە بەرەو بەندەری قاسم لە وڵاتی پاکستان بەڕێوەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە 31ـی تەممووز بگاتە ئەوێ.

ئەمە یەکەمین تانکەری گازی قەتەرییە کە لە گەرووی هورمز دەربچێت لە دوای ئەوەی کەشتییەکیان لە سەرەتای مانگی تەممووزدا رووبەڕووی هێرش بووەوە. لە دوای ئەو رووداوەوە، تەنیا کەشتی سوور لە 11ـی تەممووزدا لەو ناوچەیە بینرابوو کە بارەکەی لە دوورگەی داسی ئیماراتەوە بارکردبوو.

داتاکانی کێپلەر نیشانی دەدەن، جووڵەی بازرگانی لە گەرووەکەدا رووی لە زیادبوون کردووە. تەنیا رۆژی چوارشەممە 12 کەشتیی بارهەڵگر لە گەرووەکە تێپەڕیون 6 کەشتی چوونەتە ناوەوە و 6 کەشتیش هاتوونەتە دەرەوە، کە ئەمە ئامارێکی بەرزترە بەراورد بە رۆژانی پێشووتر.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە تانکەری مەروح، دوایین جار لە 24ـی تەممووز لە دەرەوەی گەرووەکە بینرابوو، رۆژی پێنجشەممە دووبارە گەڕاوەتەوە ناو سنووری گەرووی هورمز.