سزای 1048 ساڵ بەسەر دوو ئەندامی باندەکانی تاوانکاریی دا سەپێندرا

نووسینگەی داواکاری گشتیی سەلڤادۆر رایگەیاند، دادگایەکی وڵاتەکە سزای زیندانیکردنی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ بەسەر چەند ئەندامێکی باندە تاوانکارییەکاندا سەپاندووە، بە تۆمەتی کردنی تاوانی جۆراوجۆر لەوانە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە.

ئەم سزا توندانە لە چوارچێوەی ئەو جەنگەدا دێن کە لە ساڵی 2022ەوە لەلایەن نەجیب بوکیلی، سەرۆکی راستڕەوی سەلڤادۆر دژی باندە تاوانکارییەکان راگەیەندراوە، لە سەرەتای هەڵمەتەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 90 هەزار کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون یان پەیوەندی بەو باندانەوە دەستگیرکراون، کە بەشێکی زۆریان لە زیندانە توند و بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتەدا راگیراون.

داواکارانی گشتی لە هەژماری فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەیان بەوە کردووە، تۆمەتەکانی وەک "بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، سپیکردنەوەی پارە و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری" دراونەتە پاڵ باندی "ئێل گریمیۆ". لە کۆی 28 ئەندامی دادگاییکراوی ئەو باندە، سزای 1048 ساڵ زیندانیکردن بەسەر دوو ئەندامیاندا سەپێنراوە.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم هەڵمەتە توندەی حکوومەتدا، سەدان کەس لە ناو زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش رووبەڕووی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانه و بێ بەڵگەی یاسایی بوونەتەوە.