سوپای پاسداران تێکشکاندنی 3 فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە ئوردن راگەیاند
سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند لە هێرشێکی موشەکیدا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەزرق لە وڵاتی ئوردن، توانیویانە 3 فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (F-35) بە تەواوی تێکبشکێنن.
پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی گەلی ئوردنی کردووە رایگەیاند،"وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و بۆ یارمەتیدانی ئێوە لە رزگارکردنی ئوردن لە داگیرکاریی ئەمریکا، بنکەی (ئەزرق)مان کردە ئامانج." لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هەماهەنگی و هەڵوێستی سەرکردەکانی ئوردن گەمارۆی سەر دوژمنیان توندتر کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە سەکۆی جێگیربوون و هۆڵی چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی ئەزرق کردووەتە ئامانج، سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات لە ئەنجامی هێرشەکەدا 3 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی (F-35) بە تەواوی لەناوچوون و 3 فڕۆکەی دیکەش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، جگە لە کوژرانی ژمارەیەک لە ئەفسەران و تیمە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی سوپای ئەمریکا.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ناوچەکەی ئێمە شوێنی سوپایەک نییە کە منداڵان دەکوژێت و بە شێوەیەکی دڕندانە خێزانە بێتاوانەکان لە نیوەی شەودا دەکاتە ئامانج." سوپای پاسداران جەختیشی کردووەتەوە خەبات و رووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام دەبێت تاوەکو دەرکردنی دوا سەربازی ئەمریکی لە خاکە ئیسلامییەکان.
لە بەرامبەردا سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سیستەمی بەرگری وڵاتەکەیان توانیویەتی بەرپەرچی 5 مووشەک بداتەوە کە لە ئێرانەوە ئاڕاستەی ناو خاکی ئوردن کرابوون، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێکی ماددی و گیانی نەبووە.
ئەم راگەیەندراوەی سوپای پاسدارنی ئێران لە کاتێکدایە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی، تاوەکو ئێستا لە دانوستان بەردەوامن بە ئامانجی کەمکردنەوە و کۆتایی هێنان بە ئالۆزییەکانی نێوانیان بە تایبەت لە گەرووی هورمز، ئەمەش دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بە توندی هێرش دەکەنە سەر ئێران و وانەیەکیان فێردەکەن کە هەرگیز لە بیری نەکەن، لە بەرامبەردا فەرماندەی سوپاسی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران تا دوا هەناسە بەرگری لە خاک و گەلی وڵاتەکەیان دەکەن.