ناتانیاهۆ: هیچ کەسێک فەرمان بە ترەمپ ناکات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکی نوێدا پەردەی لەسەر بەشێک لە گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لادا و جەختی لە سەربەخۆیی بڕیارەکانی ترەمپ کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ باسیان لە چەندین بژاردەی جیاواز کردووە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە ناوچەییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانیش بابەتی گەمارۆدانی گەرووی هورمز بووە.
سەبارەت بە دەنگۆی فشار خستنە سەر واشنتن بۆ لێدانی تاران، ناتانیاهۆ گوتی: "من داوام لە ترەمپ نەکردووە درێژە بە هێرشەکانی سەر ئێران بدات." ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای راوێژ و گۆڕینەوەی بیروڕا بووە نەک سەپاندنی ویستەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە دەڵێن کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی ترەمپ هەیە و گوتی: "هیچ کەسێکم چەواشە نەکردووە؛ ترەمپ سەرکردەیەکە و خاوەن بڕیاری خۆیەتی."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای رێزگرتنە و گوتی: "هیچ کەسێک نییە فەرمان بە ترەمپ بکات و ئەو خۆی دەزانێت چ بڕیارێک لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدایە."