زاخۆ بـە گەورەترین گۆڕانکاری ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە
یانەی زاخۆ لە ئامادەكارییەكانی بۆ وەرزی نوێ بەردەوامە و بە بەشداری سەرجەم یاریزانەكانی ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ دەكەن، بڕیاریشە دوای یارییەكەی ئاماد سپۆر رۆژی پێنجی مانگی داهاتوو رووبەرووی هیلالی سعوودی ببێتەوە. راهێنەر و یاریزانانی زاخۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ، لە رێگەی کوردستان24ـەوە پەیامی خۆیان راگەیاند، لاورێن بانید، راهێنەری زاخۆ جەختی لەوە کردەوە، کێشەی ئەوان ئەوەیە هەندێک لە یاریزانەکان تەنیا پێنج رۆژە لەگەڵیان راهێنان دەکەن و کاتیشیان لەبەردەم زۆر کەمە.
دەقی قسەکانی لاورێن بانید بۆ کوردستان24
لێرە لە کەمپەکەدا بە باشی کاردەکەین، بەڵام کێشەیەکمان هەیە یاریزانەکان پێکەوە دەستپێناکەن و پێکەوە نەهاتوون، بۆیە تووشی سەختی بووین، چونکە هەندێک یاریزان سێ هەفتەیە مەشق دەکەن و هەندێکی تریش تەنها پێنج ڕۆژە، کێشەمان لە ڕووی تاقیکردنەوەی جەستەییەوە هەیە، دەبێت کار بکەین و کاتێکی زۆریشمان نییە، کەواتە کارەکە ئاسان نییە، دەبێت توانی جەستەیی و لایەنی تەکتیکی یاریزانەکان باشتر بکەین، ئەمەش بەم کاتە کەمە زۆر قورسە، پێویستمان بە مەشقی زیاتر و چەندین هەفتەی تر کارکردن هەیە بۆ ئەوەی ئامادە بین، دوو هەفتەی دیکە خولەکە دەستپیدەکات ئەم ماوەیە زۆر کەمە، بەڵام دەبێت خۆمان بگونجێنین.
شێرزۆد تێیمیرۆڤ: سوپاس بۆ خوا هەموو شتێک باشە
شێرزۆد تەیمیرۆڤی هێرشبەری نوێی یانەی زاخۆ لە لێدوانێكی تایبەتی بە كوردستان24 راگەیاند هەوڵدەدات جارێكی دیكە ببێتەوە گۆڵكاری خولی ئەستێرەكانی عێراق و گۆڵی زیاتریش لە وەرزی رابردوو تۆمار بكات.
لەمبارەیەوە شێرە ئوزباکستانییەکە گوتی: زۆر دڵخۆشم كە لێرەم و دەستمان بە ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ كردووە، سوپاس بۆ خوا هەموو شتێك لێرە باشە، وەرزی رابردوو لە یانەی هەولێر یارییم دەكرد، ئێستاش لە زاخۆم، لای من هیچ جیاوازییەك لە نێوان یانەكانی عێراق نابینم، وەك هەمیشە توانای جەستەیی و پابەندبوونی زۆری دەوێت، ئێستاش كەشی یانەكەمان زۆر باشە و با ببینین ئەوپەڕی هەوڵی خۆم دەدەم جارێكی دیكە ببمەوە گۆڵكاری خولەكە و لە وەرزی رابردوو گۆڵی زیاتر تۆمار بكەم.
ئەمجەد عەتوان: ئەم وەرزە تینوێتی هاندەرانمان دەشكێنین
ئەمجەد عەتوانی یاریزانی یانەی زاخۆ لە لێدوانێكی تایبەتی بە كوردستان24 راگەیاند بەهۆی هاندەرانی زاخۆ بۆ چوارەمین وەرز لەسەریەك لە یانەكە ماوەتەوە و گوتیشی: ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن ئەم وەرزە ناسناوێك بۆ هاندەرانی زاخۆ بەدەست بهێنن.
دەقی قسەکانی ئەمجەد عەتوان:
سەرەتا سوپاس بۆ كوردستان24 لە هەموو شوێنێك لەگەڵمانن و یارییەكان دەگوازنەوە و ماندوو دەبن پێمانەوە، سوپاس بۆ خوا چوارەم وەرزە لەسەریەك لەم یانە گەورەیە یاریی دەكەم، یانەكەمان خاوەنی باشترین هاندەری جیهانە، ساڵ بە ساڵیش ویستەكانمان زیاتر دەبن، هیواشمان هەیە لەم وەرزە لە ئاستی چاوەڕوانی هاندەراندا بین و شتێكیان بۆ ببەینەوە، پێموایە ئەم وەرزە راھێنەر و سەرجەم یاریزانەكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدان، ئیدارەش بەجددی كار دەكات و تەنیا سەركەوتنمان لە خودا دەوێت، پشت بەخوا وەرزی داهاتوو تینوێتی هاندەرانمان دەشكێنین، خۆت دەزانیت هەمیشە كەمپە مەشقییەكان سەختن بۆ یاریزانەكان، كار لەسەر لێكتێگەیشتن و بەرزكردنەوەی توانای جەستەیی دەكەینەوە و پلانە گونجاوەكان تاقیدەكەینەوە، پشت بەخوا بە ئەوپەڕی ئامادەیی دەگەڕێینەوە و بەشداری لە خول دەكەین، هاندەری زاخۆ لەم چوار ساڵەی لێرەبووم هەمیشە لەیەكتری نزیكبووین، ئەمساڵیش ویستیان ئەوەبوو بمێنمەوە، وەكو رێزێك بۆ ئەوان مامەوە و گرێبەستەكەم نوێكردەوە، هەمیشە لە خزمەتیان دەبم، ئەوان هاندەر نین بەڵكو برا و هاوڕێی منن، منیش بووم بە تاكێك لە خێزانی زاخۆلی.
مایسترۆی زاخۆ: هێشتا 100% ئامادە نین
هاروون ئەحمەد، مایسترۆی نوێی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند تیپەکەیان هێشتا 100% بۆ وەرزی نوێی خولەکە ئامادە نییە، دەشڵێت: هیوامان هەیە بۆ ئەم وەرزە شتێکی زۆر باش بکەین کە پێش ئێستا نەکرابێت.
هاروون ئەحمەد کاپتینی وەرزی رابربردی یانەی دهۆک لەبارەی کەمپە مەشقییەکەی زاخۆ لە تورکیا رایگەیاند ئەو کەمپە بۆ لێکنزیکبوونەوە و تیمەکە زۆر سوودی هەیە، گوتیشی: تا دێت زیاتر لەیەکتر تێدەگەین و دڵنیام تا دەستپێکی خولەکە بەباشی ئامادە دەبین.
شێرکۆ کەریم: زاخۆ پێویستی بە یاریزانی دیکەیە هەیە
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند دۆخی یانەکە لە یەکەمین رۆژەوە تاوەکو ئێستا زۆر بەباشی دەڕوات، دەشڵێت: ئێمە لەگەڵ ئەو گۆرانکارییانەی کە کراون هەموو هەوڵێک دەدەین زاخۆ بەرەو پێش ببەین.
شێرکۆ کەریم گەشبینە لەبارەی ستافی راهێنەرانی زاخۆ، لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی گوت: پلان و بیرکرنەوەی ستافی راهێنەران بۆ بەرەوپێشبردنی یانەکە زۆرباشە، رۆژانە کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانەکان دروست دەکەن و بیرکردنەوەیان زیاتر لەسەر باشترکردنی ئاستی جەستەیی یاریزانەکانە، هەرچەندە لە چەند هێڵێک زاخۆ پێویستی بە یاریزانی دیکەیە هەیە.
زاخۆ بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق گۆڕانکاری لە هەموو شتەکانی کردووە، سەرۆک و ستافی کارگێری گۆڕیوە، گۆڕانکاری لە درێس و لۆگۆی یانەکە کردووە، ستافی راهێنەرانی گۆڕیوە، دەستبەرداری 17 یاریزانی وەرزی رابردوو بووە، 14 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە، گرێبەستی 9 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێکردووەتەوە.