بۆمبەکەی ئینفانتینۆ خەریکە دونیا دەهەژێنێت
پرۆژەکەی ئینفانتینۆ، سەرۆکەکانی جیهانی هێنایە دەنگ
فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دەیەوێت کۆمپانیایەکی نوێ دابمەزرێنێت و بەشێک لە پشکەکانی بفرۆشێتەوە کەرتی تایبەت، ئەم کۆمپانیایە بڕیارە سپۆنسەری مۆندیال و مۆندیالی یانەکان بکات، بەڵام ئەم هەنگاوەی فیفا کاردانەوە و دژایەتی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. دەنگۆیەکیش هەیە یەکێک لەو کۆمپانیانەی کە دەیەوێت ببێتە خاوەنی پشکەکانی فیفا، خاوەنی برایەکی جارێد کوشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، ئەم هەنگاوەی فیفا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاشی هێناوەتە دەنگ.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیا، فیفا دەیەوێت نزیکەی 20%ـی پشکەکانی بفرۆشێت و لە بەرامبەردا زیاتر لە سێ ملیار پاوەندی دەستدەکەوێت، بەڵام ئەم پلانە هەر لە ئێستاوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند بووەتەوە و ئەندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەکو یەکەم سیاسەتمەدار بە توندی دژایەتیی پلانەکەی فیفا دەکات.
ئەگەر ئەم پلانە سەرکەوتوو بێت، ئینفانتینو پاداشتی دارایی بەرچاو وەردەگرێت و دوای کۆتایی هاتنی دوایین خولی یاسایی سەرۆکایەتییەکەی لە فیفا لە ساڵی 2031، دەتوانێت لە پۆستی کۆمسیار ئەم کۆمپانیا کار بکات و دەیان ملیۆن پاوەند داهاتی هەبێت.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو پلانەی فیفا هەر زوو یوێفا بەیاننامەیەکی توندی لەسەر ئەو هەنگاوەی فیفا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە هەموو هێڵە سوورەکان تێدەپەڕێنێت و نابێت بەرپرسانی تۆپی پێ رێگە بەم کارە بدەن و یوێفاش زۆر بە توندی دژی ئەم هەنگاوە دەوەستێتەوە.
تۆڕی هەواڵی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆمەڵەی ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدەن، بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری بایکۆتکردنی مۆندیال وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو پلانە.
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەکان باس لەوە دەکەن کە کۆمپانیای Thrive Capital بژاردەیەکی پێشەنگە بۆ کڕینی پشکێک لە پڕۆژەکەدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە جوشوا کوشنەرە کە برا بچووکەکەی جارێد کوشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپە.
ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا لە وەڵامی ڕەخنەکاندا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی پلانەکە زیادکردنی سەرچاوە داراییەکانە بۆ ئەندامانی فیفا و گوتیشی، قۆناغی داهاتووی گەشەسەندنی فیفا پێویستی بە پێکهاتەیەک هەیە کە لەگەڵیدا بگونجێت کە لایەنی بازرگانی تۆپی پێ وەک بزنسێکی تایبەتمەند بەڕێوەببات.
ئەو پلانەی فیفا کاردانەوەی سیاسیەکانیشی بە دوای خۆیدا هێناو ئەندی بێرنهام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە: "با زۆر ڕوون بم، تۆپی پێ پۆ وەبەرهێنەران نییە و تایبەتە بەو هاندەرانە کە هەفتە لە دوای هەفتە لەژێر تیشکی خۆر و باران دەوەستن و پەیژەکانی یاریگاکان پڕ دەکەن".