وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا: تا ئێستا زیاتر لە 48 هەزار کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە بۆ مەغریب

حکوومەتی ئیتاڵیا لە کاردانەوەی پەڕینەوەی لەناکاوی 60 هەزار کۆچبەر بۆ شاری سێوتا، کارکردنی بە سیستەمی شنگن لەگەڵ ئیسپانیا ڕاگرت و لەگەڵ فینلاند، مەدریدیان بە شکستخواردوو لە پاراستنی سنوورەکان تۆمەتبار کرد. هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا زیاتر لە 48 هەزار کۆچبەر لە سێوتاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ مەغریب.

هەینی 31ـی تەممووزی 2026، حکومەتی ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە کاردانەوەی قەیرانی لەناکاوی کۆچبەران لە شاری سێوتا لە باکووری ئەفریقا، بڕیاری داوە بە راگرتنی فەرمیی کارکردن بە سیستەمی گەشتی ئازادی "شنگن" لەگەڵ ئیسپانیادا.

ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە پەیامێکی فەرمیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بەرگری لە بڕیاری وڵاتەکەی کرد بۆ راگرتنی کاتیی کارکردن بە رێککەوتننامەی شنگن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسپانیادا.

تاجانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "راگرتنی کاتیی شنگن لەگەڵ ئیسپانیادا بژاردەیەکی پێویست و ناچارییە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانمان و بەرگری لە سنوورەکانی ئەوروپا. ئەم بڕیارە مەرجێکە کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا دابینکراوە و دۆخی وێرانکەری ئەمڕۆ جێبەجێکردنی پێویست کردووین."

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە قەیرانی کۆچبەرانی شاری سێوتا پیشانی دەدات، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش و هاوکارییە لە نێوان وڵاتاندا، و جەختی کردەوە، دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ رێگریکردن لە لێشاوی ناڕێکخراوی کۆچبەران و بەرەنگاربوونەوەی راستەوخۆ و بێ دوودڵی لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی توندڕەوی و تیرۆریزمدا.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە لە دوای پەرەسەندنی ململانێ و لێشاوی کۆچبەران بەم دواییانە، تاوەکو کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بڕی 48,300 کۆچبەر بە شێوازێکی فەرمی و ئارەزوومەندانە لە شاری سێوتاوە گەڕاونەتەوە بۆ ناو خاکی مەغریب، و پڕۆسەی گواستنەوەی ئەوانی تر بۆ تێپەڕبوون بە سەر سنوورەکەدا بەردەوامە.

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، لە پێشەنگی وڵاتانی ئەوروپادا بوو کە داوای دەرکردنی مەدریدی کرد لە رێککەوتننامەی شنگن (کە 29 وڵات دەگرێتەوە). مێلۆنی رایگەیاند: "دیمەنەکانی سیوتا شۆککەرن و دەیسەلمێنن کە کۆچبەریی نایاسایی هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی سنوورەکانی ئەوروپا. ئیتاڵیا بێدەنگ نابێت و ئامادەیە بە بڕیاری ناوازە بەرگری لە سنوورەکان بکات، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شنگن لەگەڵ ئیسپانیادا."

ماری رانتانین، وەزیری ناوخۆی فینلاند (کە دوو هەزار میل لە شوێنەکر دوورە) پشتگیری قسەکانی مێلۆنی کرد و گوتی: "ئیسپانیا بە تەواوی شکستی هێناوە لە پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی شنگن، و ئەو وڵاتانەی ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن نابێت لە شنگندا بمێننەوە."

ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، لە پەیامێکی فەرمیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، پێگەی فەرەنسای بەرامبەر بە قەیرانی گەورەی کۆچبەران لە شاری "سێوتا" لە باکووری ئەفریقا ڕاگەیاند.

ماکرۆن ئاشکرای کرد، بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و پێشکەشکردنی سەرجەم هاوکارییە پێویستەکان، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، لەوانەش پێشکەشکردنی هاوکاری لە ڕێگەی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا . ئەو پێشوازی لە هاوکاریی بەردەوامی نێوان مەدرید و مەغریب کرد کە تەنیا لەمڕۆدا توانیویەتی مەرجی گەڕانەوەی زیاتر لە 40 هەزار کۆچبەر لە سێوتاوە بەرەو خاکی مەغریب ڕێکبخات.

سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی فەرەنسا، سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند، هەرچەندە سێوتا ناچێتە ناو ڕێککەوتننامەی شنگن و گەشتی ئازاد، بەڵام پێویستە چاودێری سنوورەکان بە توندی زیاتر بکرێت، و نووسیویەتی: "من بە فەرمی داوام لە وەزیری ناوخۆ کردووە کە چاودێریی سنوورەکانمان لەگەڵ ئیسپانیا توند بکات ئەگەر پێویست بکات، و بۆ ئەم پڕۆسەیەش 4 یەکەی هێز، فڕۆکە و درۆنی جەنگی جێگیرکراون."

سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە ئەم ڕێکارانە پاڵپشتی لە پڕۆژەکانی پێشووی فەرەنسا دەکەن لە ساڵی 2020ەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ڕێگەی لێژنەی هاوبەشەوە.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لە پەیماننامەی کۆچبەری و پەنابەریی یەکێتی ئەوروپا کە بووەتە هۆی دابەزینی 25%ی لێشاوی کۆچبەران بۆ ئەوروپا لە ساڵی ڕابردوودا. ئەو لە کۆتاییدا هاوسۆزی و پشتگیریی قووڵی فەرەنسای بۆ حکومەت و گەلی ئیسپانیا دووپاتکردەوە.

لە مێژووی یەکێتیی ئەوروپادا پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە تۆمار نەکراوە، کاتێک تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر کە دەکاتە نیوەی زیاتری دانیشتووانی شاری "سێوتا" (کە دانیشتووانەکەی 84 هەزار کەسە) بە مەلەکردن یان بەزاندنی دیواری تەلبەندی 10 مەتری لە کەناراوەکانی شاری فنێدقی مەغریبەوە خۆیان گەیاندە ناو شارەکە.

جوان جیسۆس ڤیڤاس، سەرۆکی هەرێمی سیوتا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئیسپانیا بە تەواوی بەرامبەر بەم شەپۆلە گەورەیە دەستەوەستان بوون و لەم پڕۆسەیەدا لانی کەم 34 کۆچبەر بەهۆی خنکان یان کەوتنەخوارەوەوە گیانیان لەدەستداوە.

گرژییەکانی نێوان ئیسپانیا و مەغریب پەرەیان سەند دوای ئەوەی مەدرید رێککەوتنی بازرگانی گەورەی گازی لەگەڵ جەزائیردا واژۆکرد، کە رکابەری سەرەکیی مەغریبە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە کۆنترۆڵ نەکردنی سنوورەکان لە لایەن مەغریبەوە کارێکی ئانقەست بووە بۆ فشارخستنە سەر ئیسپانیا.

جگە لەوە، بڕیارێکی نوێی دادگای باڵای ئیسپانیا لە مانگی رابردوودا رێگری دەکات لە گەڕانەوەی خێرای ئەو کۆچبەرانەی بە مەلەکردن یان لە ناو دەریادا دەستبەسەر دەکرێن، کە ئەمەش مەلەفەکەی زۆر گەورەتر کردووەتەوە. بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لە ئێوارەی رۆژی هەینیدا، نزیکەی 48 هەزار کۆچبەر بە شێوازێکی فەرمی و ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ خاکی مەغریب.