ئێران: گەرووی هورمز داخراوە و کردنەوەی مەحاڵە
ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی، بڵاویکردەوە، بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە ئێستادا ناکرێت و رێگری لێ دەکرێت.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە بە فەرمانی دەستەی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی ئێران دەرچووە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کەشتی داوای روونکردنەوەیان کردووە بۆ تێپەڕین لە گەرووەکە، دەستەکە رایگەیاندووە تەنها دوای جێگیربوونی دۆخەکە، داواکارییەکان تاوتوێ دەکرێن و بە زووترین کات مۆڵەتی تێپەڕین دەدرێت.
لەبەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) رایگەیاند، گەرووی گورمز کراوەیەو هاتوچۆی کەشتییە بارزگانییەکان ئاساییە، هاوکات راشیگەیاندووە، ئێران کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزی نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەو هەنگاوانەی واشنتن دژی تاران دەیانگرێتە بەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە نەک جەنگی گشتگیر، ترەمپ لە وتارێکدا گوتی: "پێنج مانگە جوڵە سەربازییەکانمان دژی ئێران بەردەوامە و توانیمانە زیانێکی کەمەرشکێن و گەورە بە ژێرخانی سەربازی ئەو وڵاتە بگەێنین."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئێران لە رێککەوتنەکاندا بە شێوەیەکی ناپاکانە رەفتاری کردووە، بەڵام ئەمە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت چونکە ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران چیتر خاوەنی هێزی دەریایی نییە و توانای هەڵدانی درۆنرکانیشیان لەناو براوە، هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە بۆردومانکردنی ئێران بەردەوام دەبێت."
ترەمپ لە کۆتایی قسەکانیدا رەخنەی لە شێوازی دانوستانی تاران گرت و رایگەیاند: "شێوازی گفتوگۆکردنی ئێرانییەکان توڕەم دەکات، ئەوان 7 کاتژمێر کات دەکوژن بۆ بابەتێک کە دەکرێت لە 10 خولەکدا بڕیاری لەسەر بدرێت."