کەنەدا پاڵپشتیی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی وڵاتی عێراقدا دووپات دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی نوێی کەنەداوە پێگەیشت؛ پاڵپشتیی تەواوی ئۆتاوای بۆ بڕیاری بەغدا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دووپاتکردەوە.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە لایەن ئانیتا ئاناند، وەزیری دەرەوەی نوێی کەنەداوە پێگەیشت بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پەرەپێدانی هاوبەشیی ستراتیژی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی کەنەدا ئارەزووی حکوومەتەکەی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان و بەرفراوانکردنی هاوئاهەنگییە دوولایەنەکان لە بوارە جیاوازەکاندا نیشاندا، و دووبارە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی فەرمیی لە فوئاد حوسێن کرد بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان وەک وەزیری دەرەوە. فوئاد حوسێن لای خۆیەوە پێشوازی لە دانانی باڵیۆزی نوێی کەنەدا لە عێراقدا کرد.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئانیتا ئاناند جەختی کردەوە کە حکوومەتی کەنەدا پاڵپشتیی فەرمی و تەواو دەکات لە سیاسەت و بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردن و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی حکوومەت و دەوڵەتدا و پابەندبوونی ئۆتاوای بۆ بەردەوامیی هاوکاری و پشتگیرییەکانی لەم کایانەدا دووپاتکردەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی گەیاندە ئۆتاوا لە بەرامبەر دابینکردنی هاوکارییە بەهێزەکانی کەنەدا بۆ عێراق لە قۆناخە جیاوازەکانی رابردوو. لە لایەکی ترەوە، وەزیرە کەنەدییەکە دڵخۆشیی خۆی پیشاندا بەوەی کەنەدا میوانداریی یارییەکی فەرمیی تیمی نیشتمانیی تۆپی پێی عێراق دەکات لەسەر خاکەکەی، کە بێگومان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندیی توندی هاوڕێیەتی لە نێوان هەردوو گەلدا.
هەروەها فوئاد حوسێن داوایەکی فەرمیی ئاراستەی ئانیتا ئاناند کرد بۆ سەردانیکردنی فەرمیی عێراق بە مەبەست بەهێزکردنی زیاتری گفتوگۆیە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.