دۆناڵد ترەمپ: لە جەنگی ئێراندا 18 سەربازمان لەدەستداوە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند, هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگیی جۆری B-2ەوە کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناو بردووە کاتێک تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ بەدهستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، و هۆشداری دا ئەگەر ئەو دەستێوەردانی نەکردبایە ئیسرائیل نەدەما، هاوکات ئاشکرای کرد کە لە بەرامبەر هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ رێککەوتنێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە خاوە دەگمەنەکانی ئۆکرانیا واژۆ کردووە.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "ئەمەریکاز ڤۆیس" (America's Voice)، چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە ئیسرائیل، جەنگی ئێران، نوێکردنەوەی سوپا، جەنگی ئۆکرانیا و مێژووی هەڵبژاردنەکانی 2020ی خستەڕوو.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جەنگی ئێران گوتی: "پێوەند بە جەنگی ئێرانەوە، ئێمە لە ئێستادا 16 یان 18 سەربازمان لەدەستداوە، کە ئەمەش رێژەیەکی زۆرە و زۆر لەوە زیاترە کە پێویست بوو بکوژرێن."
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر من پێشتر رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانم (JCPOA) هەڵنەوەشاندبایەوە، تاران 6 بۆ 7 ساڵ پێش ئێستا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە پرسیارێک کە ئایا ململانێ سەربازییەکانی ئێران چەند کاتی تری دەوێت بۆ چارەسەر بوون، ئایا چەند مانگ یان ساڵێک دەخایەنێت؟ ترەمپ گوتی: "چارەسەرکردنی ئەم جۆرە دۆسیانە هەمیشە ئەستەمە. ئێمە دۆسیەی ڤەنزوێلامان لە کەمتر لە رۆژێکدا چارەسەر کرد."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم نرخەکان دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە جگە لە نرخی نەوت، و ، "کاتێک دوو هەفتە لەمەوبەر جیهان پێی وابوو کە ئێمە گەیشتووینەتە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، بەهای نەوتی جیهانی بە توندی دابەزی." باسی لەوە کرد، ئێمە دەمانەوێت بگەینە رێککەوتنێکی راستەقینە، من هەمیشە رێککەوتنێکی راستەقینەم دەوێت نەک رێککەوتنێکی رواڵەتی و درۆینە."
ترەمپ جەختی لە پاراستنی ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر من دەستێوەردانم نەکردبایە، ئیسرائیل ئەمڕۆ بوونی نەدەبوو. ئێمە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری B-2ـەوە سەرجەم کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد کاتێک تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی." ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا بڕیار وابوو ئۆپراسیۆنێکی خێرا بێت و هێزەکان بێنە دەرەوە، بەڵام بۆ رێگریکردن لە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانەکان، ئەمریکا ناچار بووە بۆ ماوەیەک لە پڕۆسەکەدا بمێنێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە بەراوردکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ جەنگی ڤێتنامدا گوتی: "جەنگی ڤێتنام 21 ساڵی خایاند، لە کاتێکدا ئێمە تەنیا لە پێنجەمین مانگی جەنگی ئێراندایان و هەمان ئەو کەسایەتیانەی لە پشت درێژەکێشانی جەنگی ڤێتنامەوە بوون، لێرەدا دەڵێن پڕۆسەکە زۆری پێچووە؛ ئەمە تەنیا سیاسەتێکی ناشیرینە." گوتیشی: سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا وەک "سەرکردەیەکی داهێنەر و زیرەک" دەردەکەوێت چونکە سەرجەم کارگە و پڕۆژە ئابوورییەکان لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا دەکرێنەوە.
درێژەی لێدوانەکان بە پرسی ئۆکرانیاوە بەسترایەوە؛ ترەمپ پەردەی لەسەر گرێبەستێکی گەورەی بازرگانی لادا و رایگەیاند، "من لەگەڵ ئۆکرانیادا رێککەوتنم کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە خاوە دەگمەنەکان لە بەرامبەر ئەو هاوکارییە دارایی و سەربازییانەی کە پێشکەشیان دەکەین. خاکی ئۆکرانیا زۆر دەوڵەمەندە و خاوەنی خاکێکی زۆر بەپیتە، و ئێمە گرێبەستێکمان واژۆ کردووە کە رێگەمان پێدەدات لە هەر کاتێکدا بمانەوێت بچینە ناو وڵاتەکە و هەر کەرەستەیەکی خاومان بوێت بە ئاسانی بیبەرین."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئایینی لە جیهاندا، ترەمپ گوتی: هەبوونی ئایین و باوەڕ لە وڵاتاندا هۆکارێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی نیشتمانی، و ئەو وڵاتانەی بەبێ ئایین دەژین هەمیشە ناوچەی نائارام و نەخۆشن.
هەروەها باسی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لە شاری دیترۆیت کرد و جەختی کردەوە کە لەم شارەدا پێشێلکاریی گەورە هەبووە و ژمارەی ئەو دەنگانەی دراون زۆر زیاتر بووە لە تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە.