فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف-35ی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا کەوتە خوارەوە
فڕۆکەیەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە جۆری (F-35B Lightning II) لە بنکەی ئاسمانیی "میرامار" لە ویلایەتی کالیفۆرنیا تێکشکا.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" و تۆڕی "فۆکس 5"، فڕۆکەکە دوای رووداوێکی تەکنیکی ئاگری گرتووە و تیمەکانی فریاکەوتن نزیکەی کاتژمێر 10ـی بەیانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، کە دووکەڵێکی زۆر ناوچەکەی داپۆشیبوو، گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان پاشماوەی سووتاوی فڕۆکەکە لە ناو بنکە سەربازییەکەدا نیشان دەدەن.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی سەربازییەوە رایگەیاندووە، فڕۆکەوانەکە توانیویەتی بە سەرکەوتوویی لە رێگەی کورسیی هەڵدانەوە (Ejection) خۆی لە ناو فڕۆکەکە هەڵبداتە خوارەوە و رزگار بکرێت، هاوکات فڕۆکەوانەکە دۆزراوەتەوە و لە ئێستادا رەوانەی ناوەندێکی پزیشکی لە باشووری کالیفۆرنیا کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئەم رووداوە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەی ورد لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستی پێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی تێکشکان و سووتانی فڕۆکەکە.