کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی عومان کرایە ئامانج
ئاژانسێکی دەریایی بەریتانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی سوڵتاننشینی عومان بە چەکێکی نەناسراو پێکراوە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، ئاشکرای کرد، کەشتییەکە "بەر چەکێکی نەناسراو کەوتووە و بەهۆیەوە زیان بە ژووری بزوێنەرەکەی گەیشتووە". هەروەها دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ بریندارێک لە ئەنجامی رووداوەکەدا نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکە لە دووری 12.5 میلی دەریایی لە کەناراوەکانی ناوچەی لیمای عومان روویداوە. تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
پێشتر سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند؛ دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و چوار کەشتیی دیکەشیان ناچار کردووە رێڕەوی خۆیان بگۆڕن، هاوکات سوپا هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە دەستوەردان لە کاروباری گەرووی هورمز بێ وەڵام نامێنێتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکی نوێدا رایگەیاند، هێزی دەریایی سوپای پاسداران دوو کەشتیی نەوتهەڵگری کردووەتە ئامانج کە سەرپێچییان لە یاساکان کردووە، هاوکات چوار کەشتیی نەوتهەڵگری دیکەش بە خێرایی رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، ئەم کەشتییانە لەژێر کاریگەریی رێنماییەکانی سوپای ئەمریکا هەوڵیانداوە بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمریکا بە رێڕەوێکی دیکەدا تێپەڕ ببن "جیایە لەوەی سوپای پاسداران دیاری کردووە". هاوکات سوپای پاسداران راگەیەنراوەکەی سێنتکۆمیش رەتدەکاتەوە رایگەیاندووە کەشتییەکان بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمریکا بە گەرووی هورمزدا هاتوچۆ دەکەن و بە خاوەن کۆمپانیاکانی راگەیاند، گرنگی بە راگەیەندراوەکانی سێنتکۆم نەدەن، "بەڵکو پرسیار لەو کەسانە بکەن کە تووشی رووداو بوون."
سوپای پاسداران جەختی کردەوە، هێزی دەریایی سوپا بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز. لە کۆتاییدا هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی داوە "دەستوەردان و فەرمانە نایاساییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکان لە ناوچەکەدا بە بێ وەڵام نامێنێتەوە."