لە دیوانییە ئەفسەرێک و سێ پۆلیس لەسەر دەستدرێژیی سێکسی دەستگیرکران
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەفسەرێک و سێ پۆلیس لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن 20 ساڵ دەستگیرکراون.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوێنێ لە یەکێک لە قەزاکانی پارێزگای دیوانییە، ئەو ئەفسەرە و سێ پۆلیسە دەستگیرکراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، کاتێک کچێکی تەمەن 20 ساڵان بۆ لێکۆڵینەوە هێنراوەتە بنکەی پۆلیس، ئەفسەرەکە و سێ پۆلیسەکە لە ناو بنکەکەدا دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەر ئەو کچە، ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئەوەی کەسوکاری کچەکە بۆیان ئاشکرا بووە کە کچەکەیان لەو بنکەیەدا تووشی دەستدرێژیی سێکسی بووە، بابەتەکە ئاشکرا بووە و تەقیوەتەوە و کێشەکەیان گەیاندووەتە دەزگا ئەمنییەکان.
لەسەر ئەم رووداوە، وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و دەستبەجێ ئەو ئەفسەرە و سێ پۆلیسەی دەستگیرکردووە بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان.
لەلایەکی دیکەوە د. حوسێن عەوادی، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانیدا بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەپەلە بەرامبەر ئەو ئەفسەر و سێ پۆلیسە، لەسەر بنەمای تێوەگلانیان لە رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی پارێزگای دیوانییە.
عەوادی جەختی کردەوە کە وەزارەت بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هیچ پێشێلکارییەک ناکات کە کەرامەتی مرۆڤ بریندار بکات یان پێچەوانەی یاسا بێت.
بریكاری وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی کرد، بە رەوانەکردنی سەرجەم تۆمەتباران بۆ لای لایەنە لێکۆڵینەوەیی و دادوەرییە تایبەتمەندەکان و گرتنەبەری توندترین رێکاری یاسایی و کارگێڕی لە دژی هەرکەسێک کە تێوەگلاو بێت.
دووپاتیشی کردەوە، ئەم جۆرە رەفتارانە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە بنەماکانی وەزارەتی ناوخۆ و رەوشتی پۆلیس ناکەن.