قۆناخی دووەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر جێبەجێ دەکرێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، قۆناخی دووەمی پڕۆژەی ریسایکلین و چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند، توانای چارەسەری ئاوی گەیاندووەتەوە زیاتر لە 262 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا، کە لەسەر رووبەڕی 60 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت. هاوکات هەلی کاریشی بۆ دوو هەزار کارمەند رەخساندووە.
ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئابی 2026، ئومێد خۆشناو لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، کارکردن لەسەر قۆناخی دووەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند، لە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر بە هەمان تەکنەلۆجیای قۆناخی یەکەم، واتە Activated Sludge بەردەوامە، لە ماوەی یەک مانگی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم، %10ـی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و پێشبینی دەکرێت قۆناخی دووەم لە کۆتای مانگی ئاداری 2028دا کۆتایی پێبێت.
هەروا نووسیویەتی: دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە، توانای چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر بۆ 210 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە. ئەمەش لەگەڵ توانای قۆناخی یەکەم، کۆی گشتی توانای چارەسەری ئاوی قورسی پایتەخت دەگەیەنێت بە 262 هەزار و 500 مەتر سێجا لە هەر رۆژێکدا و قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە، دەرفەتی کاری بۆ نزیکەی دوو هەزار کارمەند رەخساندووە.
وێستگەی ریسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجی و هەنووکەییەکانی کابینەی نۆیەم، کە ئامانج لێی چارەسەر و خاوێنکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکانی هەولێرە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بە مەبەستی ئاودێری و کشتوکاڵ و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی. وێستگەکە بە تەکنەلۆجیایەک کاری پێدەکرێت، کە تەنیا لە ژاپۆن هەیە و ئێستا لە قۆناخی دووەمیەتی.