محەمەد مەرەندی بۆ وڵاتانی کەنداو: لەوانەیە ئەمشەو دوا شەوی ئارامیتان بێت
سیاسەتمەدارێکی ئێرانی هۆشداری دەداتە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل دەڵێت: هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی مەدەنیی ناوخۆی ئێران، بە وێرانکردنی ژێرخانی گرنگ و سەرەکیی ئەو وڵاتانە وەڵام دەدرێتەوە.
شەممە، 1ـی ئابی 2026، محەمەد مەرەندی، سیاسەتمەداری ئێرانی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: "لەسەر بنەمای لێدوانەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەگەری زۆرە کە ئەمشەو دوا شەوی ئارامی بێت لە وڵاتانی قەتەر، سعوودییە، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات و ئیسرائیل."
هاوکات باسی لەوە کرد، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی مەدەنیی ئێران، ئەوا ژێرخانی وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل، لەوانەیە ئوردن و عومانیش بکرێنە ئامانج.
مەرەندی هۆشداری داوە و رایگەیاندووە، "کە پێویستە دانیشتووانی ئەو وڵاتانە خۆیان بۆ جێهێشتنی دەستبەجێی وڵاتەکانیان ئامادە بکەن."
ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدا دێن کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەردوولا هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی ململانێیە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەکەن.