هاووڵاتییانی زاخۆ به‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌ت خۆشحاڵن

هاووڵاتییانی زاخۆ خۆشحاڵیی خۆیان بەرامبەر ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە دەردەبڕن، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سنوورەکەیان جێبەجێ دەکرێن. ئێستا لە سەنتەری زاخۆ، کار لەسەر دروستکردنی شەقامەکانی حەوت گەڕەکی جیاواز دەکرێت، یەکێک لەوانە گەڕەکی هیزلە کە مێژووی دروستبوونی بۆ زیاتر لە 20 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و ئێستا قۆناخی قیرتاوکردنی دەستی پێکردووە.

جەوزەل فەقێ، یەکێک لە هاووڵاتییانی زاخۆ، سوپاسی حکوومەتی هەرێم دەکات کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، خزمەتگوزاری و ئاوەدانییان گەیاندووەتە گەڕەکەکەیان.

هاووڵاتییەکی دیکەیە بەناوی رێدێر ئەکرەم دەڵێت: "پێشتر بەهۆی خراپیی شەقامەکانەوە لە هەموو وەرزەکاندا بارودۆخمان خراپ بوو، سوپاسی حکوومەت دەکەین کە ئەم کێشەیەی بۆ چارەسەر کردین."

ئەم پڕۆژانە بە گوژمەی سێ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن. جگە لە قیرتاوکردن، پڕۆژەکان دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و راکێشانی هێڵەکانی ئاو و کارەباش لەخۆ دەگرن. ئەرشەد پیرۆ، ئەندازیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە دا، لە قۆناخی یەکەمدا بەشێک لە شەقامەکان کۆنکریت کراون و ئێستاش قۆناخی دووەم کە قیرتاوکردنە دەستی پێکردووە و بڕیارە لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆتایی پێ بێت.

ئێستا کارکردن لە 7 تاخ و گەڕەکی زاخۆ بەردەوامە، بە کۆی گشتی 54 کیلۆمەتر شەقام لەخۆ دەگرێت. یونس محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ رایگەیاند: "لەو گەڕەکانەی کار دەکەین، سەرەتا سیستەمی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی بەرگری لە دروستبوونی لافاو بکەن، ئێستاش کارەکان لە قۆناغی کۆتاییدان."

پێش چوار ساڵ، رێژەی قیرتاوکردنی شەقامەکانی زاخۆ تەنیا 40٪ بوو، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەم رێژەیە بۆ نزیکەی 90٪ بەرز بووەتەوە. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانەی ئێستاش، رێژەی قیرتاوکردنی شارەکە دەگاتە 95٪.

گەڕەکی "هیزل" نموونەیەکی دیاری ئەو گەڕەکانە بوو، بۆ ماوەی 20 ساڵ کێشەی بێ خزمەتگوزاری هەبوو؛ هاوینان بەدەست تۆز و خۆڵ و زستانیش بەدەست قوڕ و لیتەوە گرفتاربوو، بەڵام ئێستا لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو دەکرێن و کێشە خزمەتگوزارییەکانیان بە بنەڕەتی چارەسەر دەکرێت.