سبەی ئەپڵیکەیشنی "ئی پسوولە" دەکەوێتەوە کار
داشکاندنی قەرزی کارەبا دەستپێدەکاتەوە
دوای وەستانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک، سبەی ئەپڵیکەیشنی "ئی پسوولە" دەکەوێتەوە کار و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە قەرزی کۆنی کارەبایان بە داشکاندنی 50% بدەنەوە.
دوای ئەوەی بۆ ماوەی 3 بۆ 4 رۆژ ئەپڵیکەیشنی "ئی پسوولە" وەستابوو، سبەی دووشەممە ئەپڵیکەیشنەکە دەکەوێتەوە کار. لە وەشانی نوێی ئەپڵیکەیشنەکەدا خانەیەکی تایبەت زیادکراوە کە تایبەتە بە داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی "رووناکی".
بەگوێرەی بڕیاری حکوومەت، لە سبەیەوە ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی کۆنی کارەبایان لەسەرە، دەتوانن سوودمەند بن لەم داشکاندنە. بڕیاری داشکاندنەکە بەم شێوەیە دەبێت: 50% داشکاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، هەروەها 25% داشکاندن بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری.
ئەم دەرفەتەی داشکاندن تاوەکو 10ی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت، واتە هاووڵاتییان نزیکەی مانگێک و 7 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان. وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە کۆتا جارە داشکاندن بەو شێوەیە بکرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا قەرزەکان نەدرێنەوە، ئەوا وەزارەت میکانیزمێکی دیکە پەیڕەو دەکات.