توێژینەوەیەکی نوێ; خواردنەوەی 5 کووپ قاوە لە رۆژێکدا سوودی تەندروستی هەیە
"بەڵام قەبارەی کووپەکە گرنگە"
ئەنجامی توێژینەوە نوێیەکان لەسەر سوودەکانی قاوە مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە، دوای ئەوەی دەرکەوتووە خواردنەوەی تاوەکو 5 کووپ قاوەی خاوەن کافاین لە رۆژێکدا بۆ زۆربەی مرۆڤەکان بێ زیانە و یارمەتیی پاراستنی تەندروستیی دڵ و جگەر دەدات، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە پێویستە قەبارەی کووپەکە و تێکڕای کافاینی رۆژانە ڕەچاو بکرێت.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس (Verywell Health)"، کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی بەم دواییانە ڕایگەیاندووە، خواردنەوەی تاوەکو 5 کووپ قاوەی خاوەن کافاین لە رۆژێکدا بە شێوەیەکی گشتی بۆ زۆربەی مرۆڤە پێگەیشتووە تەندروستەکان بێوەییە و یارمەتیی پاراستنی تەندروستیی دڵ و جگەر دەدات بەهۆی هەبوونی پێکهاتە سروشتییەکانی وەک "پۆلیفینۆڵەکان" کە دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنن؛ بەڵام پسپۆڕان روونی دەکەنەوە کە ئەم دەرئەنجامانە بەو واتایە نین کە کەسێک ئەگەر قاوە نەخواتەوە، تەنیا لە پێناو تەندروستیدا دەست بە خواردنەوەی بکات، بەڵکو تەنیا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە خواردنەوەی مامناوەند دەکرێت بەشێک بێت لە سیستەمێکی خۆراکیی تەندروست.
پێناسەی "کووپی قاوە" لە توێژینەوەکاندا زۆر بچووکترە لەوەی بیرت لێکردووەتەوە
سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرای دەکەن کە چەمکی "کووپ" لە ناو توێژینەوە خۆراکییەکاندا مەبەست لێی یەکەیەکی پێوانەیی فەرمییە کە یەکسانە بە 8 ئۆنس (نزیکەی 240 ملیلیتر)، بەڵام ئەو کوپانەی لە کافترییا و قاوەخانە بازرگانییەکاندا پێشکەش دەکرێن زۆر گەورەترن و قەبارەیان دەگاتە 12، 16 یان تەنانەت 20 ئۆنس.
هەروەها، زۆرێک لە جۆرەکانی قاوە چەندین "ئێسپرێسۆ" لەخۆدەگرن کە بڕی کافاینەکەی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرز دەکاتەوە. بۆیە ئەگەر کەسێک خواردنەوەی "5 کووپ قاوە" وەک 5 کووپی گەورەی بازرگانی لێکبداتەوە، ئەوا بڕێکی زۆر زیاتر کافاین لەوەی کە توێژینەوەکە مەبەستی بووە، وەردەگرێت.
تێکڕای بڕی کافاینی ڕۆژانە گرنگترین خاڵە
لە ڕووی سەلامەتییەوە، هەمیشە گرنگترین پێوەر لای پسپۆڕان، بڕی تێکڕای کافاینی رۆژانەیە نەک ژمارەی کووپەکان. بۆ زۆربەی مرۆڤە تەندروستەکان، وەرگرتنی 400 میلیگرام کافاین لە رۆژێکدا بە سنوورێکی سەلامەت دادەنرێت، کە ئەمەش یەکسانە بە خواردنەوەی 3 بۆ 5 کووپی پێوانەیی (8 ئۆنس) لە قاوەی فلتەرکراو. مرۆڤ دەکرێت بە ئاسانی ئەم سنوورە ببڕێت ئەگەر بەیانیان دوو کووپی گەورە قاوە بخواتەوە و دواتر وزەبەخش یان غازی خاوەن کافاین بەکار بهێنێت.
کاریگەریی کافاین لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەپێی شێوازی هەرسکردنی لە جەستەدا؛ بۆیە بڕێک کە بۆ کەسێک ئاسایی بێت، دەکرێت بۆ کەسێکی تر ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ، لەرزینی دەست، یان کەمخەوی.
هەروەها پێویستە بەشێک لە گرووپەکان وریایی زیاتر بنوێنن؛ وەک ژنانی دووگیان یان شیردەر کە پێشنیاز دەکرێت لە رۆژێکدا لە 200 میلیگرام کافاین زیاتر وەرنەگرن. ئەو کەسانەش کە بەدەست نەخۆشیی دڵ یان فشاری خوێنی بەرزی کۆنترۆڵنەکراوەوە دەناڵێنن، پێویستە پێش خواردنەوەی قاوە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن تاوەکو سنووری سەلامەتی خۆیان بزانن.