هەناردەی نەوتی ئەمریکا بۆ کەمترین ئاستی هەشت مانگی رابردوو دابەزی

ئامارە نوێیەکانی چاودێریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نیشان دەدەن کە هەناردەی نەوتی ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا بۆ 3.66 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا پاشەکشەی کردووە، ئەمەش کەمترین ئاستی هەشت مانگی رابردووی وڵاتەکەیە بەهۆی رێککەوتنی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی چاودێریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، هەناردەی نەوتی ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا بۆ 3.66 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە. ئەم پاشەکشەیە دوای ئەوە دێت کە لێک تێگەیشتنی مانگی حوزەیرانی نێوان واشنتن و تاران بۆ ماوەیەکی کاتی رێگەی بە هاتوچۆی نەوتهەڵگرە گیراوەکان بە گەرووی هورموزدا دا، کە رێژەی کەشتییە تێپەڕبووەکان لە ماوەی رێککەوتنە کاتییەکەدا گەیشتە لووتکەی 42 کەشتی لە رۆژێکدا؛ ئەمەش بووە هۆی تێربوونی بازاڕەکان بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی داواکاری لەسەر نەوتی خاوی ئەمریکا لە دەرەوە.

پێشتر، بەهۆی جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئێران و کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا پێگەی یەکەمی وەک هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا گرتە دەست و هەناردەکەی لە مانگی ئایاری رابردوودا گەیشتە ژمارەی پێوانەیی 5.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

کەمبوونەوەی پشکی ئەمریکا لە بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا

راپۆرتە ئابوورییەکە ئاماژە بەوە دەکات، پشکی هەناردەی نەوتی ئەمریکا بۆ کیشوەری ئاسیا لە مانگی تەممووزدا بۆ نزیکەی 40% کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا لە مانگی حوزەیراندا 52% بووە، دوای ئەوەی کڕیارە سەرەکەییەکانی وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور بارستەی کەمتری نەوتیان کڕی

ژاپۆن: هەناردەکردن بۆ ئەم وڵاتە کە گەورەترین کڕیار بوو لە حوزەیراندا، بە رێژەی 67% دابەزی بۆ 324 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بە بەراورد لەگەڵ لووتکەی مانگی ئایار.

کۆریای باشوور: هەناردەکردنی نەوتی ئەمریکا بۆی بە رێژەی 39% کەمی کرد و گەیشتە 474 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

هاوکات، هەناردەی نەوتی خاوی ئەمریکا بۆ کیشوەری ئەوروپاش پاشەکشەی هاوشێوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە مانگی تەممووزدا بۆ نزیکەی 1.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووە.