سعوودیە و تورکیا دۆخی ئەمنیی دەریای سوور تاوتوێ دەکەن
شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەرەسەندنە ئەمنییەکانی دەریای سوور و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی بەرگرییان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی سعوودیە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەسەر رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان سعوودیە و تورکیا لە کایە جیاجیاکاندا و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکە، تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی دەریای سوور بوو؛ ئەردۆغان جارێکی تر هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لەسەر سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی گرووپی چەکداریی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا دووپات کردەوە و پشتگیریی تەواوی تورکیای بۆ شانیشینی سعوودیە دەربڕی.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها پێشوازی لە دامەزراندنی هاوپەیمانیی دەریایی هەمەلایەنەی بەرگری بە سەرکردایەتیی سعوودیە کرد، و هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە خواست لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانیدا بۆ پاراستنی هێڵە کەشتییەکان و گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا.
ژاوکات بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، ئەردۆغان و محەممەد بن سەلمان پرسی ئاسایشی ناوچەکە و پلانی ئاشتیی کەرتی غەززەیان تاوتوێ کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەردۆغان خەمباری و هاوسۆزیی قووڵی تورکیای بۆ ئەو هێرشە تێکدەرانە دەربڕیوە کە کراونەتە سەر خاکی سعوودیە. دووپاتی کردەوە، ئەنقەرە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
سەبارەت بە دۆخی فەلەستین، ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، پابەندبوونی تەواوەتیی ئیسرائیل بە نەخشەڕێگای دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتیی غەززە، مەرجێکی سەرەکی و بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی تێکڕای پڕۆسەکە. سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "ئێمە بە توندی و لە نزیکەوە چاودێریی سەرجەم پێشهات و پەرەسەندنەکان دەکەین."