کەشتییەکی بارهەڵگر لە گەرووی هورمز بە مووشەکێک پێکرا
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، کەشتییەکی بارهەڵگر لە گەرووی هورمز بە مووشەکێک لە لایەن سەرچاوەیەکی نادیارەوە پێکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەو دەستە بەریتانییە، کەشتییەکە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە دووری 20 میلی دەریایی نزیکەی 37 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری خەسەبی عومان، بە مووشەکێک پێکراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی ئێستا خەریکی دانوستانە لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە مانگی شوباتەوە دەستی پێکردووە و بووەتە هۆی پەکخستنی جووڵەی گواستنەوەی نەوت و غاز لە گەرووی هورمزدا.
ترەمپ لە کۆشكی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "دانوستانەکان بەردەوامن و ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ ئەوان ئێرانییەکان تا رێککەوتنێکی باش واژۆ بکەن." ترەمپ جەختیشی کردەوە، ئەم گفتوگۆیانە لەسەر داوای تاران و بە پشتیوانی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر بەڕێوەدەچن.
لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی ئێران هەر جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە. ئەم هەڵوێستەی تاران تووڕەیی سەرۆکی ئەمریکای لێکەوتەوە و جارێکی دیکە ئێران لە نێوان دوو بژاردەدا سەرپشک کرد: یان واژۆکردنی رێککەوتن یان خۆبەدەستەوەدان.