نوێنەری خامنەیی: ناتانیاهۆ ترەمپی تێگەیاندووە مووشەکەکانی ئێران دەگەنە ناو ماڵەکەی

نوێنەری رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیاندا لە واشنتن، هۆشداری توندی داوەتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە توانای مووشەکیی ئێران.

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، ئایەتوڵڵا سەید حەسەن عاملی، پێشنوێژی هەینی شاری ئەردەبیلی ئێران و نوێنەری رێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو، ناتانیاهۆ بە ترەمپی راگەیاندووە، ئێران خاوەنی مووشەکێکە مەوداکەی هەشت هەزار کیلۆمەترە و دەتوانێت بە ئاسانی ماڵەکەت (کۆشکی سپی) بکاتە ئامانج.

گوتیشی: "من پێشبینیکەر نیم تا باسی غەیب بکەم، بەڵام ئەوەی ناتانیاهۆ بە ترەمپی وتووە وەک رۆژی روون لای من ئاشکرایە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ سێ پەیامی سەرەکی بردووە بۆ واشنتن کە گرنگترینیان هاندانی ترەمپ بووە بۆ بەردەوامبوون لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران.

بە وتەی عاملی، ناتانیاهۆ هەوڵی داوە ترەمپ قایل بکات، لە ناوخۆی ئێراندا دووبەرەکی هەیە لە نێوان لایەنگرانی جەنگ و ئەوانەی داوای سازش دەکەن، ئەمەش وەک خاڵێکی لاوازی ئێران نیشان داوە. جگە لەوەش، ناتانیاهۆ نەخشەیەکی ساختەی ناوچەی (کۆە کەلنگ) لە پارێزگای ئەسفەهانی نیشانی ترەمپ داوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە، ئێران تەنیا چەند کاتژمێرێکی ماوە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە لووتکە. دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر ئێران پاشەکشێ پێکرد و داوای دانوستانی نوێی کرد، تاران هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی راستەوخۆی رەتکردەوە و رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان تەنیا لە رێگەی سوڵتنشینی عومانەوەیە و تەنیا تایبەتە بە پرسی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.