ئه‌مڕۆ تیمه‌كانی پڕۆژه‌ی رووناكی له‌ كفری ده‌ستبه‌كار ده‌بن

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، بە فەرمی پڕۆژەی رووناکی گەیشتە شارۆچکەی کفری و تیمەکانی جێبەجێکار دەستیان بە کارەکانیان دەکەن. بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24 لە ناوچەکە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کوژانەوەی سەدان موەلیدەی ئەهلی لە ناو شار و شارۆچکەکانی سنووری کفری.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە ژێرخانی کارەبا لە ناوچە دوورەدەستەکان داوە. بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، زیاتر لە 40 گوندی دوورەدەست و شاخاوی کە رێگەکانیان سەخت و گڵ بوون، کارەبای نیشتمانییان پێگەیەندراوە؛ سەرەڕای ئەوەی تێچووی گەیاندنی کارەبا بۆ ئەو ناوچانە هاوتای ناوچە ئاوەدانەکان بووە.

ئێستا هیچ گوندێک لە سنووری گەرمیان نەماوە کارەبای نیشتمانی پێنەگیشتبێت، ئەمەش وەک زەمینەسازییەک بووە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی رووناکی. هاووڵاتییانی ناوچەکە دەڵێن؛ بەهۆی گەرمای تاقەتپڕوکێنی گەرمیان، پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ئەوان لە هەموو ناوچەکانی دیکە پێویستترە.

هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەکەن، تێچووی موەلیدە ئەهلییەکان زۆر بووە و لە وەرزی گەرمادا نەدەکرا وەک پێویست سوودی لێ ببینرێت، چونکە ئەمپێری کارەباکەی کەم بووە و باری دارایی خەڵکیشی قورس کردبوو.

دەستپێکردنی پڕۆژەکە لە کفری پێشوازییەکی زۆری لێکراوە و دانیشتووانی ناوچەکە بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ باشترکردنی گوزەرانیان، بەتایبەت گەرمیان یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین پێویستی بە  کارەبا هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوای گەرم.