ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر کۆمپانیای 'وایڵدبێریز'ـی رووسیا
ئۆکرانیا بەدرۆن دوو ناوەندی سەرەکی دابەشکردنی کاڵای کۆمپانیای "وایڵدبێریز"ی لە نزیک مۆسکۆ و سانت پترسبۆرگ کردە ئامانج، کە بەهۆیانەوە 5 کەس کوژران و زیانێکی گەورەی ماددی بە تۆڕی دابینکردنی رووسیا گەیشت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە،4ـی ئابی 2026، ئۆکرانیا شەپۆلێکی نوێی هێرشی درۆنی دوورمەودای بۆ سەر ژێرخانی لۆجستی رووسیا دەستپێکرد و دوو ناوەندی گەورەی کۆمپانیای "وایڵدبێریز" (Wildberries) کە گەورەترین فرۆشیاری ئۆنلاینە لە رووسیا، لە نزیک مۆسکۆ و سانت پترسبۆرگ کردە ئامانج.
لە مۆسکۆ، بە درۆن هێرش کرایە سەر شارۆچکەی "چیخۆڤ" و لە ئەنجامدا کۆگایەکی گەورە لە ناوچەی پیشەسازی "نۆڤۆسێلکی" گڕی گرت. ئەندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری ناوچەکە رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، زیانی بە وێستگەیەکی کارەبا و باڵەخانەیەکی کارگێڕی گەیاندووە، هەروەها بووەتە هۆی کوژرانی 5 کەس و برینداربوونی 6 کەسی دیکە. تا ئێستا کیێڤ هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر قوربانییەکان نەداوە.
هاوکات لە باکووری رووسیا و لە هەرێمی لینینگراد لە نزیک سانت پترسبۆرگ، هێرشێکی دیکە کرا، ئەلیکساندەر درۆزدێنکۆ، پارێزگاری ناوچەکە رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی رووسیا 17 درۆنیان خستووەتە خوارەوە، بەڵام پشتڕاستی کردەوە کە زیان بە کۆمەڵگەیەکی کۆگاکان لە "کراسنی بۆر" گەیشتووە و کەسێکیش بریندار بووە. میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە کە ئەم هێرشە گەورەترین و نوێترین ناوەندی لۆجستی کۆمپانیاکەی پێکاوە کە رووبەرەکەی 154,000 مەتر چوارگۆشەیە و دوای هێرشەکە ئاگری تێبەربووە.
ئەم هێرشانە بەشێکن لە هەڵمەتە بەردەوامەکانی ئۆکرانیا بۆ پەکخستنی تۆڕی دابینکردن و لۆجستی رووسیا. لەو چوارچێوەیەدا و لە دوای 18ـی تەممووزەوە، درۆنەکانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەردەوام کۆگاکانی "وایڵدبێریز" لە سەرتاسەری رووسیا دەکەنە ئامانج.
بەگوێرەی ئامارەکانی "داتا ئینسایت" کە رۆژنامەی مۆسکۆ تایمز بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو 2ـی ئاب، هێرشەکان گەیشتوونەتە نێوان 1.21 ملیۆن بۆ 1.47 ملیۆن مەتر چوارگۆشە (300 بۆ 360 ئەکەر) لە رووبەری کۆگاکان، ئەمەش بە واتای زیانپێگەیاندنی 22%ـی گشت تۆڕی لۆجستی ئەو کۆمپانیایە دێت. لە لایەکی دیکەوە، دەزگای میدیایی "ڤێرستکا" ئاماژەی بەوە کردووە کە قەبارەی زیانەکان زیاترە و دەگاتە 1.5 ملیۆن مەتر چوارگۆشە، کە دەکاتە نزیکەی 27%ـی توانای کۆگاکانی ئەو کۆمپانیایە.
تا ئێستا لانی کەم 20 دامەزراوەی "وایڵدبێریز" لە ناوچەکانی ئۆلیکسترۆستال، کراسنۆدار، نێڤینۆمیسک، ڤۆرۆنیژ، یەکاتێرینبێرگ و سانت پترسبۆرگ کراونەتە ئامانج. گەورەترین زیانی کۆمپانیاکە تا ئێستا تێکشکانی تەواوەتی ناوەندە لۆجستییە زەبەلاحەکەی بووە لە "ئۆلیکسترۆستال" لە نزیک مۆسکۆ، کە رووبەرەکەی 250,000 مەتر چوارگۆشە بوو و لە هێرشێکی پێشتری ئۆکرانیادا بە تەواوی لەناوچوو.