بەرپرسێکی ئەمریکی: تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا پێویستی بە مۆڵەت و باج نییە
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرای کرد، تێپەڕبوون لە گەرووی هورمزدا بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە مۆڵەت یان باجدان نییە. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو راپۆرتانەی باس لە هەوڵی ئێران دەکەن بۆ سەپاندنی باجی 7% بەسەر کەشتییە بازرگانییەکاندا.
سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی 'سکای نیوز عەرەبی' رایگەیاند: تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا ناخرێتە ژێر هیچ باج، رسوومات یان مۆڵەت و ڕێگەپێدانێک.
ئەم لێدوانە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بەو راپۆرتانەی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئێران هەوڵ دەدات باج بە رێژەی %7 بەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا بسەپێنێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و هیچ لایەنێک کۆنترۆڵی ڕێڕەوەکانی یان ئازادیی تێپەڕبوون تێیدا ناکات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتوبووئ: ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن لەگەڵ تاران، رەنگە ئێران ڕووبەڕووی هێرشێکی سەربازیی کتوپڕ ببێتەوە.
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا هەڵپەساردنی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران راگەیاندبوو، بەو مەرجەی بە زووترین کات رێککەوتنێک بێتە ئاراوە کە کۆتایی بە مەترسییە ئەتۆمییەکانی تاران بهێنێت و ببێتە هۆی کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز.