رۆیتەرز: کەشتییەکی هیندستان لە نزیک ئاوەکانی یەمەندا هێرشی کرایە سەر

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، کەشتییەکی هیندستان لە نزیک ئاوەکانی یەمەن هێرشی کرایە سەر و نوقم بوو.

سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری وەزیرێکی هیندستانەوە بڵاوی کردەوە، کەشتییەکی بازرگانیی هیندستان لە کاتی تێپەڕبوونی بە نزیک ئاوەکانی یەمەندا، کرایە ئامانج  و بەهۆی زیانە گەورەکانیەوە بە تەواوی نوقم بووە.

بە پێی زانیارییەکان، هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە سەرجەم دەریاوانانی ناو کەشتییە پێکراوەکە رزگار بکەن و بە سەلامەتی بیانگوازنەوە بۆ بەندەری "مەخا" لە رۆژئاوای یەمەن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لە نێوان سەرنشینانی کەشتییەکەدا تۆمار بکرێت.

ئاوەکانی یەمەن، بە تایبەتی گەرووی بابولمەندەب، دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، لە رووی مێژوویی، ئابووری و سەربازییەوە بە یەکێک لە ستراتیژیترین و هەستیارترین ناوچە دەریاییەکانی جیهان دادەنرێن. ئەم کەناراوە درێژەی یەمەن کە بەسەر دەریای سوور و دەریای عەرەبیدا دەڕوانێت، خاڵی بەیەکگەیشتنی بازرگانیی نێوان ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقایە.