بلوومبێرگ: ئێران بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە لایەن ئەوروپییەکانەوە نەرمی دەنوێنێت

ئاژانسی بلوومبێرگ رایگەیاند، تاران لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا هەڵوێستی خۆی نەرم کردووە و تاوتوێی رێگەدان بە وڵاتانی ئەوروپی دەکات بۆ پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مینە دەریاییەکان، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئاسانکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکادا دەبینرێت، هاوکات بەرپرسانی قەتەر و ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە رێککەوتنێکی کاتی لەسەر گەرووەکە واژۆ کراوە.

سێشەممە 4ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی بلوومبێرگ لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە ئاشکرای دەکات، ئێران تاوتوێی پێشنیازی رێگەدان بە وڵاتانی ئەوروپی دەکات بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان، ئەمەش وەک پاشەکشەیەکی گرنگی تاران سەیر دەکرێت بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و ئاسانکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکادا.

هەرچەندە بەرپرسانی تاران لە ئاستی گشتیدا بە بەردەوامی رایانگیاندووە،رێگە بە هیچ وڵاتێکی بیانی نادەن بەشداری لە پاککردنەوەی گەرووی هورمزدا بکەن، بەڵام چەند دیپلۆماتکارێکی ئاگادار کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بە بلوومبێرگیان راگەیاندووە، تاران لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی هەفتەکانی رابردوودا هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە نەرم کردووە. ئەم هەنگاوە دڵنیاییەکی پێویست دەداتە کۆمپانیاکانی کەشتیڕانی و کۆمپانیاکانی دڵنیایی دەریایی لە سەربەخۆیی و ئارامیی گەرووەکە دوای پێنج مانگ لە ململانێی سەربازیی بەردەوام.

لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتی قەتەر و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایانگەیاند، جۆرێک لە رێککەوتنی کاتی لەسەر گەرووی هورمز واژۆ کراوە کە دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی تر.

سکۆت بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم رێککەوتنە لەوانەیە هەر ئەمڕۆ رابگەیەنرێت. ئەم گۆڕانکارییانە دوای هۆشدارییەکەی رۆژی دووشەممەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێن کە رایگەیاندبوو ئەمە دواین چانسی ئێرانە بۆ رێککەوتن، و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی کردبوو.

بڕیاری بەشداریپێکردنی فەرمیی ئەوروپییەکان بەندە بە پێشکەشکردنی گەرەنتیی ئەمنی لە لایەن ئێرانەوە بۆ پاراستنی کەشتییە جەنگییەکان و بەردەوامبوونی ئاگربەست. هەروەها ئەم پێشنیازە پێویستی بە رەزامەندیی سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) هەیە کە خۆی سەرپەرشتیی هێرشەکانی سەر کەشتییەکان کردووە. سەرچاوەکان دەڵێن هێشتا ململانێ و جیاوازی بیروڕا لە نێوان سەرکردەکانی ئێراندا هەیە و بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران پێداگری دەکەن کە دەبێت تەنیا کۆماری ئیسلامی خۆی سەرپەرشتیی پاککردنەوەی مینەکان بکات نەک وڵاتانی تر.

هاوکات، کێشەی بەڕێوەبردنی گەرووەکە لە دوای جەنگ هێشتا وەک بەربەست ماوەتەوە؛ ئێران داوای کۆنترۆڵی تەواو و وەرگرتنی باج دەکات لەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، کە ئەمریکا بە توندی دژی دەوەستێتەوە. دانوستانەکانی ئێستای نێوان ئێران و عومان چڕبوونەتەوە لەسەر دروستکردنی رێڕەوێکی ناوەندیی نوێ لە گەرووی هورمزدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی گومان دەکرێت رێڕەوەکە بە تەواوی مینڕێژ کرابێت، سەرکەوتنی پڕۆسەکە بەندە بە پاککردنەوەی تەواوەتیی ناوچەکە لە مینە دەریاییەکان.

ئەمریکا فشار لە هاوپەیمانەکانی دەکات تا دڵنیایی لە ئارامیی گەرووەکە بدەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی وزە؛ پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا داوای لە بەریتانیا و فەرەنسا کردووە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ڕێکبخەن، بەڵام ئەوروپییەکان بەهۆی نیگەرانییان لەوەی وەک پاڵپشتیکارێکی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دەربکەون، رەتیانکردووەتەوە تا کاتی چەسپانی ئاگربەستێکی جێگیر هەنگاوێکی ئاوا بنێن. هاندانی ئەمریکا بۆ بەشداریپێکردنی ئەوروپا لە پاککردنەوەی مینەکان گۆڕانکارییەکە لە هەڵوێستی ترەمپ کە پێشتر دژی پاڵپشتیی ئەوروپییەکان بوو.

پێشتر تاران بە توندی پێشنیازەکانی ئەوروپای رەتکردبووەوە؛ لەوانە کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە مانگی حوزەیراندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە وەڵامی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە گوتبووی کار لەسەر پاککردنەوەی گەرووەکە دەکەن، نووسیبووی: "پاککردنەوەی مینەکان تەنیا لە لایەن ئێران خۆیەوە ئەنجام دەدرێت و هیچ وڵاتێکی تر بۆی نییە بەشدار بێت."