کارکردن لە پڕۆژەی بەستنەوەی شەقامەکانی 120 و 150 مەتری بەردەوامە

لە راگەیەندراوێکدا پارێزگای هەولێر رایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی نوێی 60 مەتری بەردەوامە، کە ئەرکی سەرەکیی بەستنەوەی هەردوو شەقامی ستراتیژیی 120 و 150 مەترییە بە یەکتری.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، لە راگەیاندراوەکەی پارێزگای هەولێر هاتووە؛ ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی ژێرخانی رێگاوبانی پایتەخت. پڕۆژەکە لە چەند بڕگەیەکی جیاواز پێکهاتووە، کە گرنگترینیان بریتین لە، دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندووقی کۆنکریتی بە درێژیی 1580مەتر، بە مەبەستی رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی باران و رێکخستنی سیستەمی ئاوەڕۆ لە ناوچەکەدا.

 ئاماژەی بەوەش دراوە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی لۆدی هاتوچۆ و دروستکردنی ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە نێوان شەقامە سەرەکییەکانی شاردا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی هەولێر.