بەهۆی کێشەی موڵکداری دابەشکردنی زەوی لە رانیە بە سستی بەڕێوەدەچێت

تا ئێستا کێشەی موڵکداریی زەوی بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا لە ئیدارەی راپەڕین چارەسەر نەکراوە، ئەوەش پرۆسەکەی سست کردووە.

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنووری راپەڕین تەواو کراون، بەڵام یەکێک لەو کێشانەی رووبەڕوویان بووەتەوە، کێشەی موڵکداریی زەوییەکانە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، بۆیە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بە سستی بەڕێوە دەچێت.

ئاشکراشی کرد، 30 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە سنووری ئیدارەی راپەڕین مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەکی کەمی فەرمانبەران زەوییان وەرگرتووە و پرۆسەکە تەنیا لە حاجیاوا و چوارقوڕنە دەستی پێ کردووە.

گوتیشی: بەشێک لەو زەوییانەی بۆ فەرمانبەران دیاری کراون کشتوکاڵین و داوایان کردووە کێشەی موڵکداریی زەوییەکان چارەسەر بکرێت و جووتیارەکان قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەنتەری رانیەدا دابەش بکەن.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە چوارقوڕنە دەستی پێ کرد و 145 فەرمانبەر لە پرۆسەکە سوودمەند بوون، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە چوارقوڕنە دەست پێ بکات.

هاوکات ئەمڕۆ وەک قۆناخی یەکەم، 145 فەرمانبەر کە ژمارەی خاڵەکانیان 50ـیە لە سنووری حاجیاوا لە رێگەی تیروپشکی ئاشکراوە زەوییان پێ دەدرێت، هەفتەی داهاتووش زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێت کە خاڵەکانیان لە خوار 40 خاڵەوەیە.

تەنیا لە حاجیاوا نزیکەی پێنج هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، بەڵام شارەوانی تەنیا 600 پارچە زەوی ئامادە کردووە.