یەکەم گەشتیی ناوخۆیی بۆ فڕۆکەخانەی دێرەزوور دەستی پێکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دێرەزوور پێشوازی لە یەکەم گەشتی ئاسمانیی ناوخۆیی هێڵی ئاسمانیی سووریا کرد کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقەوە هاتبوو. ئەمەش وەک دەستپێکی فەرمیی گەشتە ئاسمانییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو شارەکە هەژمار دەکرێت و هەنگاوێکە بۆ دەستپێکردنەوە و بەهێزکردنی گواستنەوەی ئاسمانیی ناوخۆیی لەنێوان پارێزگاکاندا.

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی سووریا رایگەیاند، کارکردن لەم هێڵە ئاسمانییەدا لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ دووبارە چالاککردنەوەی جوڵەی فڕۆکەوانیی ناوخۆیی، بە جۆرێک کە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بکات، پاڵپشتیی ئابووری بێت و پەیوەندیی نێوان پارێزگا جیاوازەکانی وڵات بەهێزتر بکات.

لە لایەکی دیکەوە، عومەر حوسری، سەرۆکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە پلاتفۆڕم ئێکس رایگەیاند "ئەمڕۆ تەنیا پێشوازی لە گەشتێکی ئاسمانی ناکەین، بەڵکو شاهیدی گەڕانەوەی شادەمارێکی نیشتمانین کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی دەکرا."

عومەر حوسری جەختی کردەوە، گەیشتنی یەکەم گەشتی بەردەوام بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دێرەزوور، هەنگاوێکی کردارییە بەرەو دووبارە رێکخستنەوەی تۆڕی گواستنەوەی ئاسمانیی ناوخۆیی و نزیککردنەوەی دوورییەکان لەنێوان هاووڵاتییاندا، هەروەها پاڵپشتییەکی گرنگیشە بۆ چالاکیی ئابووری و گەشەپێدان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سووریا.

سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە تەنیا دەستپێکێکە و لە قۆناخەکانی داهاتوودا کار دەکەن بۆ بەرفراوانکردنی تۆڕی بەستنەوەی ئاسمانیی ناوخۆیی، بە شێوەیەک لەگەڵ قۆناخی دووبارە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی رۆڵی ئاسایی فڕۆکەخانەکاندا بگونجێت.

ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دێرەزوور لە 15ـی تەممووزی رابردوودا تەواوبوونی قۆناخە سەرەکییەکانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەی راگەیاندبوو، کە تێیدا ئامادەییی کارگێڕی و هونەرییان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتەکان بەپێی ستانداردەکانی سەلامەتی و ئاسایش دەستبەجێ کردبوو.