بەهۆی لافاو لە هیندستان و سریلانکا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی باران و دروستبوونی لافاو و رۆچوونی زەوی لە هیندستان، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو ناوچە پارێزراوەکان کۆچ بکەن.
هیمانتا بیسوا سارما، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی ئاسام لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان رایگەیاند، ویلایەتەکەیان یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و تا ئێستا 87 کەس گیانلەدەستداوە. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە ناوچەی سیفاساگار 47 کەس گیانیان لەدەستداوە و رووبەرێکی بەرفراوانی ناوچەکەش بە تەواوی ژێر ئاو کەوتووە.
لەلایەکی دیکەوە، لە ویلایەتی کیرالا لە باشووری هیندستان، ڤی دی ساتیسان، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتەکە، گیانلەدەستدانی 15 کەس و بێسەروشوێنبوونی 7 کەسی دیکەی بەهۆی بەردەوامی بارانەوە پشتڕاستکردەوە. و راشیگەیاند، زیاتر لە 300 کەمپی فریاگوزاری بۆ حەواندنەوەی پتر لە 10 هەزار ئاوارە کراونەتەوە.
هاوکات، رادیۆی فەرمیی هەرێمی جامۆ و کشمیر بڵاویکردەوە، بەهۆی شەپۆلێکی لەناکاوی بارانی زۆر و بەخوڕ، 31 کەس گیانیان لەدەستداوە. شارەزایانی کەشوهەوا هۆکاری بارینی باران لە باشووری ئاسیا بۆ دیاردەی "گۆڕانی کەشوهەوا" دەگەڕێننەوە.
لە وڵاتی سریلانکای دراوسێش، ناوەندی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 12 هەزار کەسیش لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات ئاوارە بوون. ناوچەکانی ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژهەڵاتی سریلانکا بەدەست وشکەساڵییەوە گرفتارە و ئاوی خواردنەوە بە تانکەر بۆ دانیشتووانەکەی دابین دەکرێت.
حکوومەتی سریلانکا ئەم گۆڕانەی بۆ دیاردەی کەشوهەوای "ئێل نینۆ" گەڕاندەوە و لیژنەیەکی وزاری تایبەتیش پێکهێنراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییانەی بەهۆی ئەم ناسەقامگیرییەی کەشوهەواوە دروست دەبن.