وەزیری كارەبای عێراق داوای ئاشكراكردنی سامانی بەرپرسانی پێشوو دەكات
وەزیری کارەبای عێراق، داوای لێکۆڵینەوە و وردبینیکردنی لە سەروەت و سامانی سەرجەم ئەو بەرپرسە باڵایانە کرد کە لە ماوەی نێوان ساڵانی 2005 تاوەکوو 2026 لە وەزارەتەکەدا پۆستیان هەبووە.
بە پێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، بە واژۆی عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق ئاراستەی سەرۆکی دەستەی فیدراڵیی دەستپاکی کراوە، داواکراوە بە پێی یاسا کارپێکراوەکان وردبینی بۆ ئەستۆپاکی دارایی ئەو بەرپرسە باڵایانە و کەسوکاریان بکرێت کە لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا لە وەزارەتەکە و دامەزراوەکانی سەر بەو وەزارەتەدا کارمەند یان بەرپرس بوون.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هەنگاوە لە پێناو بەهێزکردن و چەسپاندنی بنەماکانی شەفافییەت و دەستپاکی، پاراستنی سامانی گشتی و هاوکاریکردنی هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی دەنرێت. پرۆسەی وردبینیکردنەکەش پشت بە ئەحکامەکانی ماددەی 10 لە رێنماییەکانی کەشفی زمەی دارایی ژمارە 2ـی ساڵی 2017 دەبەستێت.
هاوکات وەزارەتی کارەبا خشتەیەکی هاوپێچی پێشکەش بە دەستەی دەستپاکی کردووە کە ناوی سەرجەم ئەو بەرپرسانەی تێدایە کە لەو ماوە دیاریکراوەدا پۆستیان هەبووە، تا فەرمانگەی خۆپاراستنی سەر بە دەستەکە رێکاری یاسایی پێویست لەم بارەیەوە بگرێتەبەر.
لە 28ـی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و دەستبەسەرداگرتنی ئەوپارانەی بە گەندەڵی بردراون، دەستیپێکرد، دەیان بەرپرس و پەرلەمانتار و سەرۆک حزب دەستگیر کران، یەکێک لەوان بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان عەدنان جومەیلی بوو، کە تا ئێستا پەیوەست بەو دۆسیەیە دەیان ملیار دینار و ملیۆنان دۆلار و دەیان کیلۆ زێڕ دەستیان بەسەردا گیراوە.